ئامانجی ئیسرائیل پەلکێشکردنی عێراقە بۆ گۆڕەپانی شەڕ
(0) /
زایەڵە - وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەلکێشکردنی عێراق بۆ شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە سەردانێک لە بەغدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، وتی "هۆشداریمان داوە لە فراوانکردنی بازنەی شەڕ و گوتمان هێرشکردنە سەر لوبنان دەبێتە هۆی شەڕێکی دیکە. بەردەوامیی هێرشەکانیش هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات."
وەزیرەکەی عێراق جەختی کردەوە دەیانەوێت شەڕ لە عێراق دووربخەنەوە، وتیشی ""ئامانج لە هەڕەشەکان لەلایەن قەوارەی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی عێراق، پەلکێشکردنی عێراقە بۆ گۆڕەپانی شەڕ. خوانەخواستە هەر شەڕێک رووبدات، دەبێت عێراق و ئاسمانی عێراق لە دەرەوەی شەڕەکە بن، شەڕ رووبدات، ئاسایشی هەموو ناوچەکە تێکدەچێت و پشێوییەکی چەکداری روودەدات. داعش و گرووپەکانی دیکەش خۆیان رێکدەخەنەوە".
فوئاد حسێن وتیشی "بڕیاری شەڕ لای حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو لەلای دەوڵەتە بە هەرسێ دەسەڵاتەکانیەوە."
هاوکات عەباس عێراقچی، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی "ناوچەکەی ئێمە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر مەترسیدار بووەتەوە و لە بارودۆخێکی نائاساییدایە."
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی "زۆر خۆشحاڵم کە هەڵوێستی تووندی وەزیری دەرەوەی عێراق و دەوڵەتی عێراقم بیست، کە عێراق رێگە نادات ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران یاخود هەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێندرێت. ئەمە هەڵوێستێکی دۆستانەیە و هەر چاوەڕێی ئەوەمان لە عێراق کردووە."
تێبينيێك بنێرە: