زەوی بەسەر نزیکەی 500 کەس لە کەسوکاری شەهیداندا دابەشبکرێت
(0) /
زایەڵە - ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی: ئامادەکاری کراوە بۆ پێدانی زەوی بەکەسوکاری شەهیداندا و دوای رێکخستنی ناوەکانی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، لەم هەفتەیە دەست بەدابەشکردنی زەوییەکان دەکرێت”.
ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت.
دابەشکردنی زەویش بە تیروپشک و خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە (ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان، شوێنی نیشتەجێبوون) لە پێوەرەکانن.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی زەوییەکانی ئامادەکردووە و هەموو ئەو کەسوکاری شەهیدانەی ناویان لەلیستەکەدا هەیە لەوەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
لە قۆناغی یەکەم بەتیروپشک زەوی بەسەر نزیکەی 500 کەس لە کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت.
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی 43 هەزار مووچەخۆر هەیە و تائێستا 22 هەزار پارچە زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی دراوە.
لە مانگی 3ی ئەمساڵ 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشیناندا دابەش بکرێت بەمەرجێک پێشتر سوودمەند نەبووبن.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: