نێچيرڤان بارزانى و محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی" دۆخى عێراق و كوردستان، تاوتوێ ده‌كه‌ن

(0) / / کردستان / زایەڵە بارزانی سودانی


Nov 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە  - "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/11/13 پێشوازیی لە "محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد. 

لە کۆبوونەوەيه‌كدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
سەرۆک وەزیران ئه‌لسوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان.
لاى خۆیەوە، "نێچیرڤان بارزانی" ستایشی پشتگیريی سەرۆک وەزیران ئه‌لسوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سه‌رخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.
لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون.