بەبڕیاری دادگای کەرخ پێدانی نەوتی ڕەش بە کۆمپانیای کار ڕاگیرا
(0) /
زایەڵە - بەپێی بڕیارێكی دادگای كەرخ لە شاری بەغدا، پێدانی نەوتی ڕەش بە كۆمپانیای كار ڕادەگیرێت.
دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە شاری بەغداد لەسەر سکاڵای مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری عەرەبی شیعە پێدانی نەوتی ڕەشی بە کۆمپانیای کار ڕاگرت كە لە بەرامبەر پێدانی کارەبا بە پارێزگای سەڵاحەدین پێدەدرا.
کۆمپانیای کار لە ساڵانی پێش ۲۰۱٨ کارەبای بە پارێزگای سەڵاحەدین داوە و نرخی کارەباکە بە ٤۰۰ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوەو کۆمپانیاکە داوای لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لە بری پێدانی کارەبا، نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتنی نەوتی حکومەتی عێراق لە پاڵاوگەی کەڵەک و نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتن لە پاڵاوگەکانی بێجی و کەرکوک و گەیارەی پێبدرێت بۆ پاکتاوکردنی ئەو ٤۰۰ ملیۆن دۆلارە و نوسینگەی سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی داوە.
بەهۆی گومان لەسەر مامەڵەکە پەرلەمانتار مستەفا سەنەد لە دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ سکاڵای تۆمارکردو دوای چەند دانیشتنێک دادگاکە بڕیاری ڕاگرتنی پێدانی نەوتی ڕەشی بە کارگروپ دەرکرد.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: