ئێران: ئەوانەی پێوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە بە سیاسەتیاندا بچنەوە

(0)


May 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وێڕای رێزلێنان لە جوامێری و گیانفیدایی بەرەی بەرگری و خەڵکی فەڵەستین بە تایبەت خەڵکی ئازا و پشوودرێژی غەززە لە بەرامبەر هێرشە دڕندانەکانی رژێمی زایۆنی، پیرۆزبایی سەرکەوتنی بەرەی بەرگری فەڵەستینی لە بەرگری کردنی ئامانج و پیرۆزیەکانی گەلی فەڵەستین و سەپاندنی هاوکێشەی نوێ بەسەر رژێمی زایۆنی داگیرکاردا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم بەیاننامەیەدا وێڕای پشتگیری کردنی دوبارە لە خەباتی گەلی فەڵەستین و بەرزراگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی غەززە و فەڵەستین، رایگەیاند: لە بەرەکەتەکانی گۆرانکاریەکانی ئەم دواییە، هاوهەڵوێستی و زیندووبوونەوەی پەیوەندیەکانی ناوچە جیاوازەکانی فەڵەستین، پڕۆژەی  دوبارەی دۆزی فەڵەستین لە ئاستی ناوچەکە و جیهان و پشتگیری فراوانی خەڵک لە بەرەی بەرگری فەڵەستین و ریسوابوونی زیاتری زایۆنیزمی داگیرکار و دەرکەوتنی دوبارەی قودس وەک خاڵی پێکەوەبەستنی تەواوی فەڵەستینیەکان و جیهانی ئیسلام بوو.
لەم بەیاننامەدا هاتووە: بەرگری سەربەرزانەی خەڵکی فەڵەستین بە روونی شکستی رەوتی شەرمەزاری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پیشان دا، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەم وڵاتانە بە رێزەوە چاوبخشێننەوە بە سیاسەت و ئەو رێگە هەڵەیەی لە ئاست  بەرگری فەڵەستین و ئامانجی بەرزی ئازادی قودسی شەریف گرتویانەتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی دا بە تاوانی ترسناکی رژێمی زایۆنی کرد لە هێرش کردنەسەر ناوچە مەدەنیەکان و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعی فەڵەستین و داوای دادگایی کردنی بەرپرسانی ئەم رژێمەی کرد وەک تاوانباری جەنگ و ناساندنی منداڵکوژیەکانی ئیسرائیل وەک جینۆساید و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەسەر پێویستی زیادکردنی تواناکانی خەڵکی فەڵەستین کردەوە بۆ بەرگری ڕەوا لە خۆیان و هەروەها فراوانکردنی هێزی بەرگری فەڵەستین بە ئامانجی رێگری لە دوبارەبوونەوە و بەردەوامی داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی ناردنی هاوکاری تەندروستی و مرۆڤ دۆستانە بۆ خەڵکی فەڵەستین و داوا لە هەموو رێکخراو و وڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکات بە ڕەچاوکردنی قوڵایی تاوانە دژە مرۆڤایەتیەکانی رژێم لە غەززە و بارودۆخی کۆرۆنا، یارمەتی و هاوکاری پێویست فەراهەم بکرێت بۆ ناردنی ئەو یارمەتیانە بۆ خەڵکی فەڵەستین.