سبەی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە بنکەی سەربازیی کەی وەن دەستبەکاردەبن

(0) / کردستان


May 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بنکەی سەربازی کەی وەنی پارێزگای کەرکووک دەستبەکاردەبن و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیەش سەرجەم ژوورەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان چالاک دەکرێن.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە و کاری لەسەر دەکرێت بریتییە لە کردنەوەی ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی عێراقی لە دیالە ، کەرکووک، مەخموور و موسڵ و ئەمەش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 جێگری سوپالاری پێشمەرگە روونیکردەوە، "هەفتەی رابردوو ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری هاوئاهەنگی هاوبەش لە دیالە دەوامیان کرد. سبەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە کەرکووک و لە بنکەی کەیوەن دەوامی فەرمی دەکەن. بڕیاری تایبەت بە مەخموور و موسڵیش ئەم هەفتە دەکەوێتە بوار جێبەجێکردنەوە. تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتە بڕیاری تایبەت بە چالاکبوونی هەموو ژوورەکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و دروستکردنی هێزی هاوبەش، جێگری سوپالاری پێشمەرگە رایگەیاند، "هیچ شتێک لەبارەی ناردن و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک لە ئارادانییە، بەڵکو ئەوەی هەیە، تەنیا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانە کە دەست بە کاری خۆیان دەکەن و ئەویش کاری ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری و هاوئاهەنگییە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا".
لیوا قارەمان کەمال جەختی لەوەکردەوە، دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراق تەنیا کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆن نییە، بەڵکو پێویستە هێزی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تەنیا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانە.