بافڵ تاڵەبانی: رێگە نادەین دەستوری هەرێمی کوردستان بە زۆرینە تێپەڕێنرێت

(0) / کردستان


May 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، رێگەنادەین دەستور بەزۆرینە و كەمینە تێبپەڕێندرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی،هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە جەیمس سۆرنتۆن، كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.
لەدیدارێكدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند،" ئەگەر بمانەوێت پێگە و رۆڵی كورد لەناوەند بەبەهێزی بهێڵینەوە و وەك رابردو خاڵی یەكلاكەرەوەی كێشەكان و پرسەكان بین، بێگومان پێویستمان بە بەرەیەكی نیشتمانیی كوردستانی هەیە كە رەنگدانەوەی هەمو بۆچون و رەنگەجیاوازەكان بێت كە بۆ ئەم قۆناغە ئەمە فاكتەری گەیشتنە بەمافەكانمان. " وتیشی، "خۆبەزلزانی و دوركەوتنەمان لە بەغدا نەك داواكانمان جێبەجێ ناكرێن، بەڵكو گەلەكەشمان زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و هەرێمەكەشمان بچوك دەكەینەوە، ئەم دوربینییەشمان لەپێناو داهاتوویەكی گەشترە بۆ كوردستانەكەمان."
سەبارەت بەپرسی دەستور بافڵ تاڵەبانی بڕیار و سەرنجی یەكێتی خستەڕو وتی، لەگەڵ دەستورێكی گەل پەسەندین و رێگەنادەین ئەم بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییە بەزۆرینە و كەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵكو كار بۆ  نوسینەوەی دەستورێك دەكەین كە لەخزمەت كۆمەڵانی خەڵك و پێشخستنی ھەرێمەكەمان بێت نەوەك لەخزمەت حزب و تاكەكەسێكدا.