شاسوار عەبدولواحید داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەکات

(0) / کردستان


May 24, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەهۆی بەردەوامی لێبڕینی موچەوە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکات .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازێکی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری راگەیاند و داوادەکات رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لایەنە ناڕازییەکان کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی خۆپیشاندان و دەشڵێت، "تکایە، ئیتر قبوڵکردنی زوڵم بەسە."
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازێکی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری راگەیاند و دەڵێت، "داواکارین لە هەمووان، لەم دۆخە قورسەی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی تێدایە و بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان نەبنە خۆپیشاندانی حزبی و تاک لایەنە، داواکارین لە هەموو لایەکتان، رۆژی ٢٥ی مانگ کاتژمێر ١١ کۆبوونەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری ئەنجام بدرێت تایبەت بە دیاریکردنی کات و  بەرێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گشتی لە هەرێمی کوردستان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوانەی پێیانوایە ئەمە موزایەدە یاخود بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەوە هیوادارین ئەو بەرێزانە پێش بکەون و بیکەنە بانگەشەیەکی شەریفانە بۆ خۆیان، ئەوانەشی پێیانوایە ئەمە دەبێتە خۆپیشاندانی حزبی، ئەوە با ئەو بەرێزانە بفەرموون و ئەوان هەڵسن بە کارەکە و ئێمە پشتیوانیان دەبین بە هەموو جۆرێک."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "میللەتەکەمان و خەڵکی هەرێمەکەمان لە ئێستادا بە ئاشکرا زوڵمیان لێ دەکرێت، بە ئاشکرا مافیان دەخورێت، گەنجانێکی زۆرمان بێکارن، ژنان و ئافرەتانمان لە ماڵەوە بێ هەلی کار و بێ هیواکراون، سەرباری ئەوەی داهاتی هەرێم لە ئێستادا دوو هێندەی موچەی فەرمانبەرانە، کەچی هێشتا موچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی سەرشانی هەموومانە هەڵوێستمان هەبێت لە پێناو خەڵکی خۆماندا، لە پێناو داهاتوویەکی باشتر."
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، "تکایە، ئیتر قبوڵکردنی زوڵم بەسە، ئەمە دەبێت کار و داواکاری هەموو لایەک و هەموو کەسێک بێت، نەک داواکاری تەنها هێزێک یاخود تەنها کەسێک."
شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت، "ئەگەر دەتانەوێت کوردستان خۆشتر بێت و ئێوە ژیانتان باشتر و خۆشگوزەرانتر بێت، ئەوە بفەرموون با هەموومان پێکەوە بەم کارە هەڵسین."
حکومەتی هەرێم بە بیانوی کەمی داهات و دابەزینی نرخی نەوتەوە، بە لێبڕینی ٢١%وە موچەی فەرمانبەرەکانی دابەشدەکات، لەکاتێکدا نرخی نەوت بە نزیکەی ٧٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و داهاتی ناوخۆش لە چاو ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بۆ موچەی ئەم مانگەش، وەزارەتی دارایی هەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی گەنجینەکان کردووە و تیایدا هاتووە، "له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە به‌ هه‌مان رێژه‌ و میكانیزمی مانگی پیشوو دەبێت"، کە رێژه‌ی ٢١٪ـە و رێژه‌ی ٥٠% بۆ پله‌ تایبه‌ته‌كان.