وەزیرى خوێندنى باڵا و کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێم کۆبونەوە
/
فرهنگی
/
زایەڵە
زانکۆ
خوێندنى باڵا
یۆنان
بەمەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى کۆمارى یۆنان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان کۆبونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2021/5/24) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. ستاڤرۆس کێریمیس کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، دواى بەخێرهاتن، وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازیکرد لە پێشنیازى کونسوڵ بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى لەبوارى خوێندن و فێربون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان. هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر هیواخواز بو هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتى دیکە بتوانن سود لە سیستم و پرۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتەو گۆڕانکارییەکان لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کوالێتى خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینرێت.
لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان، باسێکى لەبارەى کارو ئەرکەکانى کونسوڵخانەکەیان لە هەرێمى کوردستان پێشکەشکردو دوپاتیکردەوە مەبەستمانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و فێربون هاوکارو هەماهەنگى دامەزراوەکانتان بین. ڕاشیگەیاند: ئامادەین لە ئایندەدا لەڕێگەى دامەزراوە زانستییەکانمان بە گۆڕینەوەى زیاترى بیروڕاکان ئاستى پەیوەندییەکان بەرەو پێش ببەین.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پێشنیازى پێدانى سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى چڕى لەبارەوە کرا بەتایبەت بۆ ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا بە درێژەدان بە گفتوگۆى زانستى لەنێوان هەردولا تا گەیشتن بە ڕێککەوتن.
تێبينيێك بنێرە: