مەلا بەختیار : كەس نازانێ‌ كە میللەت سەبری نەما، چۆن دەتەقێتەوە!

(0) / کردستان


May 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵای سیاسى و بەرژەوەندی یەکێتى رایگەیاند: " میللەت تا سەر بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت، كەسیش نازانێ‌ كە میللەت سەبری نەما، چۆن دەتەقێتەوە! كام رابەری سیاسی پێشتر كتومت پێشبینی كردووە، راپەڕینەكان چۆن دەبێت؟ "
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەلا بەختیار کە سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژیشە ئاماژە بەوە دەکات لەرۆژگارێكی سەختداین، راستە شەڕی ناوخۆ لەكۆڵ بۆتەوە، لولەی تفەنگەكان ساردبوونەتەوە، خوێن داناچۆڕێ‌، بەڵام هێشتا ترس‌و بیمی رێكنەكەوتنی حزبەكان، تێكچوونی ئەم هەرێمە، زاڵكردنی بەرژەوەندی تەسكی قەڵەمڕەوی حزب، بەسەر قەڵەمڕەوی نەتەوە، دیموكراسی، مەدەنیدا زاڵەو هێشتا تازە بەتازە، لەهەلێر كۆنفرانسی یەكڕیزیی و دەستور رێكدەخرێت، ئەمەش واتا (30) ساڵە ئێمە هێشتا یەكڕیزی خۆمان نەگەیاندۆتە ئاستێك، بوێرین بڕیار لەدەستور بدەین".
ئاماژەى بەوەشکرد، نەبوونی یەكڕیزی لەنێوانماندا بەر بەستێكی گەورەیە لەبەردەم نوسینی دەستوردا، بەوتەى خۆشى دروشمەكە خۆی وامان پێدەڵێت كە یەكڕیزی نییە، بۆیە دەستور نانوسرێت.
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا مەلا بەختیار رایگەیاند"ئێستا بۆ لەخۆمان بایبووین، ئەوە سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرمان هەیە، پارتی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت هی ئێوەیە، ئێ‌ باشە خۆمان لەگەڵ خۆماندا ئەوە بەرامبەر یەكتر دەكەین، كە لەگەڵماندا كرا؟! دەلێببورن و لەناوەڕاستی رێگە، ژن بەژنی سیاسی بكەن و كۆتایی پێبهێنن. چونكە میللەت تا سەر بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت، كەسیش نازانێ‌ كە میللەت سەبری نەما، چۆن دەتەقێتەوە! كام رابەری سیاسی پێشتر كتومت پێشبینی كردووە، راپەڕینەكان چۆن دەبێت؟ نییە. راپەڕین وەكو تەقینەوەی زەمینلەرزە وایە، كۆكردنەوە‌و رشاندنی رقی سایكۆلۆجییەو لەچركە ساتێكی دیاریكراوی مێژوویدا دێتە دەرەوە".
هاوکات ئەوەشی باسکردوە کە هیچ كەسێك ئەو چركەساتە نازانێت كەیە! تەنها كاتێك دەزانرێت كە دەتەقێتەوە. هۆكارەكانی تەقینەوەكەش لەبەرچاومانە، بەڵام كاتی تەقینەوەكە ونە جارێ‌! بۆیە رێككەوتن زۆر پێویستە.
هەروەها ناوبراو دەشڵێت" تاكە ئەزمونین لەدوای 30 ساڵ، دەستورمان نەنوسیبێت، لەدوای 30 ساڵ، لەناو هەموو حزبەكانمان، دوو حزب لەكوردستاندا نییە، پەیوەندییەكی راستگۆیانەیان لەنێواندا هەبێت، چونكە هەموو پەیوەندییەكان تاكتیكییە، بەرژەوەندییە، ناچارییە، نەك ستراتیجی! ئەمەش كێشەیەكی ئێجگار گەورەیە".