عەلی قەرەداخی هۆشداریی لە بوونی مەترسى گەورە لەسەر هەرێمى کوردستان دەدات

(0) / کردستان


May 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان  زانیارى دەربارەی هاتنەوەی بۆ كوردستان و دیدارو كۆبونەوەكانی ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، مەترسى گەورە لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەلی قەرەداخى لەپەیامێکى ڤیدیۆیدا رایگەیاند، چەند ئاڵنگارییەک رووبەرووى هەرێمى کوردستان بووەتەوە لەوانەش ئاڵنگارى ئابورى و کۆرۆناو نێودەوڵەتى، وەکو ئەو مەترسییانەى کە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان باسى کرد.
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆچوون و پێشنیازی خۆیان پێشکەش بەسەرکردایەتى کوردو عێراق بەتایبەت سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح کردوەو دەشڵێت" گفتوگۆمان کردوە ئەگەر بەراستى کورد دەیەوێت لەم کیشانە رزگارى بێت دەبێت یەکگرتوو بن، ئەگەر ئەوەش نەبێت لانى کەم هەماهەنگی و راوێژکردن لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەى بگەنە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە".
قەرەداخى جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەترسییەکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، بۆیە بەپێویستى دەزانێت هەموان یەکدەنگ بن و بەیەکەوە کار بکەن بۆ خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان وتیشى" گفتوگۆمان لەسەر ئەو مەسەلانە کردوەو ئومێدیشمان هەیە کە ئەنجامى باشى هەبێت".
لەچەند رۆژى رابردوودا عەلی قەرەداخى لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و دەسەڵاتدارانى دیکەى هەرێمى کوردستان کۆبووەتەوەو تیایدا چەند پرسێکى ناوخۆیی و هەرێمى لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ کردوە.