پەرلەمەنتارانی یەکێتی و پارتی‌ لە سەر گەڕانەوەی داهاتەکانی سلێمانی بۆ حکومەت یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

(0) / کردستان


May 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە تەنیا 30%ی داهاتی‌ هەردو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە رەوانەی‌ حکومەت کراوە،  سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ یەکێتی‌-یش له‌په‌رله‌مان ده‌ڵێت، ئەوانەی‌ باسی‌ نەگەڕانەوەی‌ داهات دەکەن لەبێ زانیارییەوە قسە دەکەن، وەزیری‌ دارایی پێی راگەیاندون کە داهاتەکە دەگەڕێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دوایین کۆبونەوەی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان مشتومڕی‌ توندی‌ بەخۆوە بینی‌ لەنێوان پەرلەمانتاراندا لەبارەی‌ موچە، دوای‌ ئەوەی‌ وەزارەتی‌ دارایی گۆڕانکاریی لەخشتەکەدا کردو دابەشکردنی‌ موچەی‌ یەک وەزارەتی‌ لەدو رۆژدا راگەیاند.   

پێشەوا هەورامانی‌، وتەبێژی‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "بۆ ئەم مانگە تاوەکوو ئەمڕۆ 70%ی داهاتی‌ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ گەنجینەی حکوومەت نەگەڕێندراوەتەوە، بەڵکوو تەنیا 30% داهاتیان رەوانەی‌ حکوومەت کراوە".

وتیشی، "هەر بۆیە پارەی‌ پێویست بۆ دابەشکردنی‌ مووچە لەبەردەستدا نییە و لیستەکە گۆڕانکاریی تێدا کراوە".

پێشەوا هەورامانی‌ ئاشکراشی کرد، "داوامان کردووە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لیژنەکانی‌ دارایی و ناوخۆ رابسپێرێت، بۆ ئەوەی‌ لێکۆڵینەوە لەبارەی‌ نەگەڕانەوەی‌ داهاتی‌ ئەو پارێزگایانە بکرێت، کە بۆ حکوومەت ناگەڕێندرێتەوە".

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی نایشارێتەوە، ئەوەی تاوەکو ئێستا له داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ  دابینکردنی مووچە گەڕێندراوەتەوە، ”هەمووی بە فشار بووە.

له‌به‌رامبه‌ردا زیاد جەبار، سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ یەکێتی‌ کە هاوکات سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دارایی پەرلەمانە ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆبوونەوەی‌ پەرلەماندا رایگەیاند، لەچوار مانگی‌ رابردوودا سەرجەم داهاتە فەرمییەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەی‌ وەزارەتی‌ دارایی

وتیشی‌، ئەوانەی‌ باسی‌ نەگەڕانەوەی‌ داهات دەکەن "لەبێ زانیارییەوە قسە دەکەن، وەزیری‌ دارایی پێی راگەیاندوین کە داهاتەکە دەگەڕێتەوە".