دادوەرێك بە هۆی بەردەوامی لێبڕینی موچەوە دەستیلەكاركێشایەوە

(0) / کردستان


May 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەك پێشتر بڕیاری دابوو بەهۆی بەردەوامی لێبڕینی موچەوە دادوەرێك لە شاری هەولێر بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە ئەنجومەنی دادوەری كوردستان كردو رایگەیاند، بڕینی مووچەی فەرمانبەران تەواونایاساییە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دادوەر گۆران بەرزنجی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەردەوامیدان بە لێبڕینی موچە لەلایەن حكومەتەوە نایاساییە و چیتر لێبرینی موچە قبوڵناكەن، بۆیە بڕیاریداوە واز لە كارەكەی دەهێنێت كە بە ماندوبونی خۆی پێی گەیشتوە، لەسەر ئەو بنەمایەش نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر كرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، "دابینكردنی موچە پەیوەستە بەقوتی خەڵك و دەسەڵاتی جێبەجێكردن نابێت دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات، ناكرێت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببردرێت".

ئەو دادوەرە باسی لەوەشكرد، ئەوەی رێگرە لەبەردەم كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بوونی ناعەدالەتی و گەندەڵیە، بۆیە پێویستە حكومەت هەرێم لە جیاتی دەست بردن بۆ مافی مووچەخۆران كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تر  بكات، وەك خانەنشینی نایاسایی و بوونی دوو مووچە و مووچەی بندیوار، نەوەك بڕینی مووچەی فەرمانبەران كە بەتەواوی نایاساییەو  ناكرێت بەردەوامبێت.