سەركۆ ئازاد گەڵاڵی بۆ زایەڵە: هەموو فشارەكانمان بۆ ئەوەیە مانگی داهاتوو موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت

(0) / گفتگو


May 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی لیژنەی دارایی و سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان  لە فراكسیۆنی  سەوز ڕاگەیاند، حكومەت پارەی  پیویستی لەبەردەستە بۆ دابەش كردنی مووچە، بەڵام چاوەڕوانی بەغدادە، هەموو فشارەكانمان بۆ ئەوەیە مانگی داهاتوو موچە بە بێ لێبرین دابەش بكرێت .

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی و سامانە سروشتیەكانی  پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، داهاتی هەرێمی كوردستان لە مانگی  ڕابردوودا 350 ملیارد دینار داهاتی ناوخۆ بووە، 27 ملیارهاوكاری هاوپەیمانان بووە و بۆ پیشمەرگە دابینی كردووە، 44 ملیارد  فرۆشی ئەو نەوتەی كە لە ناو بازاڕدا دەفرۆشرێت بە كۆمپانیا ناوخۆیەكان، 670  ملیۆن دۆلار كە دەكاتە 991 ملیار دینار داهاتی نەوت بووە بۆ مانگی ڕابردوو، بەپێی ئەو داهاتەی كە لەبەردەست دایە نزیكەی 1  تریلیۆن و 450 ملیار دینار داهاتی هەرێمی كوردستان بووە، یەكێك لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی حكومەت و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەناو لیژنەی سامانە سروشتیەكان و لیژنەی دارایی ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە لە 47% داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەڕوات بۆ كۆمپانیا گەورەكان و قەرزی توركیا و كرێی بۆری نەوت و خزمەتگوزاری سیكیوریتی و خزمەتگوزاریەكانی تر، لە ئیستادا ئەو 47% بەرز بۆتەوە، پارەی تەنها لە 30% دێتە وەزارەتی دارایی واتە 22% بۆ 23% داهاتی نەوت ناگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و نازانرێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ نایگەرێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی .

وتیشی:  ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكان وە بەوەشەوە لە 22% نەیناردووە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیتوانی بەبێ لێبڕینەوە موچە بدات، بەڵام هۆكاری نەدانی نازانین، تەنها دەیانەوێت بیبەستنەوە تا ئەو كاتەی لەبەغدادەوە پارەكە دێت، پەیامەكان دیارە دەیانەوێت چاوەڕوانی بەغدادبن، پارەی پێویست لە ئێستادا لەبەردەستە بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی موچەخۆرانی پێ بدات .

ڕونیشیكردەوە: لە مانگی 12 كاتێك دانیشتنی پەرلەمانمان ڕێكخست تاوەكو  ئێستا جەدەلێكی زۆر هەیە، هەوڵەكانمان بە هەموو ڕێكارێكی یاسایی و پەرلەمانی چڕكردەوە تا دانیشتنی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان لە هۆڵی پەرلەماندا نەمانهێشت كۆبونەوەی پەرلەمان دەست پێ بكات تا ئەو كاتەی سەرۆكایەتی پەرلەماندان دانیشتنی ئایندە دیاری دەكات بۆ باس كردن بە لێبڕینی موچە و دواتر سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای كرد واژووی پێویست كۆبكەینەوە، لەماوەی كەمتر لە  1 كاتژمێردا  توانیمان  57  واژوو كۆبكەینەوە، ئەگەر حكومەت بێتە ناوپەرلەمان یاخود نەیەت؛ پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە  كۆدەبێتەوە، ئێستا زۆرینەی پێویست هەیە بۆئەوەی پەرلەمانی كوردستان لەهەموو لایەنەكان كە پرۆژە بڕیارێك بخاتە دەنگدانەوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ستەمی نایاسایی لە بڕینی موچە بدات .

گەڵاڵی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هەوڵێكی ئێمە بۆ ئەوەیە كە لە مانگی ئایندەدا و لێبڕینی  موچە نەهێڵین، ئەگەر ئەو هەڤاڵانەی لە فراكسیۆنە جیاوازەكان پەشیمان نەبنەوە زۆرینەی تەواو هەیە پێویست هەیە دەتوانرێت لەناو پەرلەماندا بە بڕیارێكی  تەشریعی ئەو بڕیارە نایاساییەی حكومەت هەڵ بوەشێنرێتەوە .

سازدانی -  كامـەران  كەریـم