ئەدهەم بارزرانی وەک یەکەم کەسایەتی دیاری بنەماڵەی بارزانی دژی لەشکرکێشی سووپای تورکیا هەڵوێستی راگەیاند

(0) / کردستان


May 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەدهەم بارزانى سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە سلێمانى هۆشداری لە داگیرکارییەکانی تورکیا لە هەرێم دەدات و دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە زەنگی مەترسیی لێبدەن، چونکە تورکیا هەر ناوچەیەکی داگیر کردبێت هەرگیز پاشەکشەی نەکردووە.  

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە پەیامێکدا ئەدهەم بارزانى، سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە سلێمانى (شەممە 29ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، " بەپێی ئەزموونی رابردوو دەوڵەتی تورکیا، هەر جوگرافیا و ناوچەیەکی لەرووی سوپایی داگیر کردبێت، هەرگیز پاشەکشەی لێ نەکردووە، لەئێستاشدا دەڤەری بادینان کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی چڕی دەستبەسەرداگرتن و سوپای تورکیا تا قوڵایی 40 کیڵۆمەتر هاتووەتە پێش." 

ناوبراو پەیامەکەی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییە نێوخۆییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، "كاتی لێدانی زه‌نگی مه‌ترسی هاتووه‌ كه‌ هه‌موومان پێكه‌ووه‌ و به‌ بێ دوودڵی ئه‌م زه‌نگه‌ لێبده‌ین." 

دەقی پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی:

بەڕێزان، هه‌ر چوار سەرۆکاتی : هەرێمی کوردستان و عێراق

بەڕێزان، هه‌موو پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی : هه‌رێمی كوردستان و عێراق

بەڕێزان، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرووه‌كان و نۆێنه‌ریان له‌ عێراق، و ئه‌نجۆمه‌نی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌ی

بەڕێزان، ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا

به‌رێزان، ئه‌ندامانی كۆمكاری عه‌ره‌بی

به‌رێزان، رێكخراوه‌كانی : نێونه‌ته‌وه‌ی و كومه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كوردستان و عێراق و جیهان

بەڕێزان، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی : کوردستان و عێراق و جیهان

سلاوێکی گه‌رمی برایانە  

لە هەڵومەرجێکی زۆر دژوار و ئایەندە نادیاری وڵاتەکەمان، و له‌ سه‌رده‌می نیزیك بۆنه‌و له‌ كوتای هاتنی پەیمانی لۆزان له‌ سالی ٢٠٢٣. کوردستان کەوتۆتە بەر گەڕێکی دیکەی داگیرکاری سوپایی و جینۆسایدی ژینگەیی

وەک هەموومان ئاگادارین، لەو ماوەی رابردوو دا، جوگرافیای هەرێمی کوردستان، بەگشتی و دەڤەری بادینانی خۆشەویست، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی زۆر دژوارتر، کەوتۆتە بەر شاڵاوێکی چڕی دەستبەسەرداگرتن،  کە لە زۆر ناوچە دا سوپای دەوڵەتی تورکیا تا قوڵایی نیزیك به‌ چڵ کیڵۆمەتر هاتووەتە پێش و خاکی کوردستانیان خستۆتە ژێر هەڵومەرجی سەخت و نایاسایی داگیرکاریی سەربازی .

  ئەوەش بە شێوەیەکە کە نەبەتەنێ  چیاکان و ناوچە و خاڵە جیۆسەربازیەکان، بەڵکوو گوندەکانیشی به‌  دانیشتووانی چۆڵ کردووە، و به‌ ده‌ها هاولاتی شه‌هید كراون ، و لەو ده‌ڤەرانه‌ دا  مرۆڤەکانی ناچار بە هەڵاتن و بەجهێشتنی وارو زێدی باب و باپیران  کردووە

لەباری ژینگەییەوە، بەپاساوی خۆپارێزی و سازوکاری جەنگی و سوپایی، لێڕە وارە جۆانه‌كانی کوردستان، کە سەرمایەیەکی نەتەوەیی و کوردستانی و لە ئاستێکی فراوانتردا، میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی و جیهانیش دێنە هەژمار، بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو لەناو دەبا و ده‌سۆتێنێ و بە نایاسایی  تاڵان دەکات .

لەو سۆنگەوە، بەپێی تێڕوانینێکی مۆڕاڵی بۆ ئایەندەی وڵات، وه‌ك هاولاتیك وعه‌مخورێك بانگ لە دەسەڵات و  هەموو لایەنەکانی بەرپرسیاردەکەم ، کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ، چ لەڕێی گفتووگۆ و دانووسانی دولایەنە، یان لەڕێی دەوڵەتی عێراقی، یان رێکخراوی نەتەوەیه‌كگرتوەکان و گشت ئەو دەوڵەت و هێزە جیهانیانەی کە رێز لە ئاشتی و مافی مرۆڤ دەگرن و دەتوانن گوشار دروست بکەن، سنورێک بۆ ئەو سنوربەزاندن و داگیركاریه‌ دابنێن

  بەپێی ئەزموونی رابردوو دەوڵەتی تورکیا، هەر جوگرافیا و ناوچەیەکی لەرووی سوپایی داگیر کردبێت، هەرگیز پاشەکشەی لێ نەکردووە، لەو بارەوە دوڕگەی قبرس و ئەسکەندەرونە، دوو بەڵگەی زیند و روون و مێژووی ئەو هاوکێشەیەن، و هه‌ر وه‌ها داگیر كردنی به‌رزایه‌كانی شه‌كیۆ له‌ نیزیك سنوری ئێران له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست و به‌رزایه‌كانی ده‌ڤه‌ری بارزان و ئامێدی و بامه‌رنێ و زوربه‌ی به‌رزایه‌كانی بادینان تاكو نیزیك سنوری روژهه‌ڵات وده‌شتی نه‌ینه‌وا و به‌ تێكرای سنووری نێوانمان دا

كاتی لێدانی زه‌نگی مه‌ترسی هاتووه‌ كه‌ هه‌موومان پێكه‌ووه‌ و به‌ بێ دوودڵی ئه‌م زه‌نگه‌ لێبده‌ین، و  زۆر بەجدی و بەهەند وەرگرتنی تەواو، هه‌موو ڕێكاره‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان بگرینه‌ن به‌ر و هه‌ڵوێسته‌كانمان رێكبخه‌ین، به‌لێ هه‌ڵوێسته‌كانمان رێكبخه‌ین

و داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکرێ، کە لە سۆنگەی  دراوسێیەتی و هاوئایینی و پێکەوەژیانی مێژوویی و جوگرافییەوە، لەپێناو ژیانی ئاشتییانەی  نێوان دوو گەڵی کورد و تورک وگه‌ڵانی تر له‌م ده‌ڤه‌ره‌ دا و سەقامگیری و ئارامیی هەرێمایەتی و رۆژ هه‌ڵاتی ناڤین، رێز لە سەرووەری خاک و ژینگە و ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی یاسایی و دەستوریی کوردستان بگرێ و دان بە پرەنسیپە مرۆڤی و سیاسی و ئیداریەکانی ئەو هەرێمەدا بنێ

 و کێشەکان لەناو ئەو چوارچێوە و بازنە و کۆمەڵگەی توركیا و كوردستانی باكور دا چارەسەر بکات، کە ناوەندی سەرهەڵدانی ئەو ئاریشانانه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتنی دوونه‌ته‌وه‌ی كورد و تورك  هه‌یه‌

بژی ئاشتی و پێكه‌وووه‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی

براتان 

ئه‌دهه‌م عوسمان شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی