بەردنووسێکی سوومەری لە لایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پێشکەش بە زانکۆی کوردستان کرا

(0) / فرهنگی


May 30, 2021

قەبارەی فۆنت:

پارێزگاری سلێمانی لە سەردانەکەیدا بۆ شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان، بەشە جۆربەجۆرەکانی زانکۆی کوردستانی بەسەر کردەوە و وێڕای داکۆکی لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییە دوو لایەنەکان، بەردنووسێکی سوومەری پیشکەش بەو زانکۆیە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای کوردستان بە هاوڕێیەتی شاندی یاوەری سەردانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی کرد.
ناوبراو لەم سەردانەیدا هاوکاری لە گەڵ زانکۆی کوردستانی بە شانازی بۆ هەرێمی کوردستان زانی و وتی: هەموو هەوڵی خۆمان ئەدەین کێشەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە گەڵ زانکۆی کوردستان چارەسەر بکەین و ناوی ئەم زانکۆیەش بڕواتە ڕیزی زانکۆوە بڕواپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کورستان وێرای ئاماژە بە پێوەندی و خاڵە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کوردستان، درێژەدان بە خوێندن لەم زانکۆیەی بە دەرفەتێکی گرینگ بۆ لاوانی هەرێمی کوردستان زانی و ئاماژەی بە کێشەی ئەم زانکۆیە لە گەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد و ئاشکرای کرد: ناوی زانکۆی کوردستان لە ڕیزبەندیی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانن خوێندکاری نوێ وەربگرن.
لە لایەکی دیکەوە هەڤاڵ ئەبووبەکر لە سەردانی بۆ توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان، داوای هاوکاری دوو لایەنە لە بواری زانستی و لێکۆڵینەوەیی ئەم ناوەندە لە گەڵ ناوەندە فەرهەنگیی و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەردنووسێکی سوومەری پێشکەشی سەرۆکی زانکۆی کوردستان کرد.
لە بەرانبەردا لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستان و هەروەها لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسییەوە ژمارەیەک کتێب پێشکەشی پارێزگاری سلێمانی کرا.
شیاوی باسە هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بە مەبەستی بەشداریی لە کۆنفڕانسی ئابووریی بانە و کردنەوەی چەند پرۆژەی گرینگ لە شاری سنە سەردانی پارێزگای کوردستانی کرد.