مەكتەبی سیاسی یەكێتی: ئەزموونی هەرێم هی ئەوە نییە لایەنێک یاری بە چارەنووسییەوە بکات

(0) / کردستان


May 31, 2021

قەبارەی فۆنت:

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 46 ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەیدا ڕایدەگەیەنێت، ئەزموونی هەرێمی كوردستان، كە بەری ڕەنجی تێكۆشان یەكێتی و تێكڕای گەلی كوردستانە، هی ئەوە نییە هیچ لایەنێك ‌ بەهۆی بەرژەوەندی تەسكەوە یاری بە چارەنوسییەوە بكات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە بەیاننامەیەكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، “بەشانازییەوە لەدوای كۆنگرەی نوێبوونەوەوە، بە سەركردایەتی ‌و سیاسەتێكی نوێ-وە، قۆناغێكی تازە لەژیانی رێكخراوەیی یەكێتی هاتۆتەئاراوە، چارەسەركردنی كێشە‌و كەموكورتییە كەڵەكەبووەكانی چەند ساڵی ڕابردووش، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای نەخۆشكەوتن و ماڵئاوایی مام جەلال، بۆتە ڕەوتێكی گەرموگوڕی هیوابەخش، هێشتاش پێویستیمان بە هەوڵ ‌و كۆششی زیاتر هەیە”.

ئاماژەبەوەشدراوە،”ئێستا وڵاتەكە، بە كوردستانەكەی خۆشمانەوە، نوقمی كێشەی قوڵبۆتەوە، كە بۆتە هەڕەشە لەسەر ڕێڕەوی دیموكراسی و گەشەی سیاسیی و ئابوری و فەرهەنگی، بەڵام بە ئێستاشەوە پێشنیازو تێزە واقیعی و دەوڵەمەندەكانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتییەكەی مام لە توانایدایە عیراق بگێڕێتەوە سەر ڕێرەوی ئاوەدانی خۆی، لە حكومەتێكی دیموكرات و فیدراڵ، كە دەربەستی چارەسەری تەنگژەكانی نێوان پێكهاتەكان و نێوان هەرێم و بەغدادیش بێت”.

هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە،”بۆ ئەم قودرەتمەندییە كوردستانییە پێویستە بەرەی ناوخۆیییش پتەو ببێت، چونكە كێشە سیاسیەكانی نێوان لایەنەكان، كەموكوڕییەكانی ڕێڕەوی حوكمڕانی ‌و تەشەنەكردنی گەندەڵی ‌و مەركەزییەتی توندی ئیداری ‌و دارایی، بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین و چالاكی مەدەنی، لە نموونەی كەیسی گیراوەكانی بادیناندا ، وڵاتەكەمانیان لە گۆشەیەكی تەسكدا قەتیس كردووە و ناوبانگی سیاسیشمانی زڕاندووە، كە ئەمەش بە خراپ لەسەر ئەزموونەكە و ئایندەی گەلەكەمان دەشكێتەوە”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لەوەشدەكاتەوە، “لەم چوارچێوەیەدا وایدەبینین هاوپەیمانی كوردستان لەنێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و لێكتێگەیشتنە هاوبەشەكانی تر، هەم كۆششێكی دیموكراسییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و هەمیش ژینگەی یەكڕیزی سیاسیی گەلەكەمان و پێكەوە كاركردن لە ئایندەی كوردستان و عێراق، بۆ ئەركە كوردستانیی و عێراقییەكانی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی ڕێرەوی سیاسی، دەڕەخسێنێت و دابینیدەكات

باسیلەوەشكراوە، “بەداخەوە ئەمڕۆ لە عێراق ناكۆكی ‌و ململانێی لایەنەكان چۆتە قۆناغێكەوە، كە هەموو ئەگەرێكی نەخوازراوی لێچاوەڕوان دەكرێت‌، لەم ئاستەدا كورد پێویستی بە یەكڕیزی ‌راستەقینە و هاوسەنگ، بە خوێندنەوەی وردی هاوكێشەكان هەیە، بۆ ئەوەی خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە دەستوری ‌و دیموكراسی ‌و نەتەوەییە ڕەواكانی و شایستە دەستووری و داراییەكانی سەربخات و دڵنیایی بداتەوە بە میللەتەكەمان”.

پێشیوایە، ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، لە ڕووی ئیداری‌ و ئەمنییەوە، لە دۆخێكی خراپدان، بۆشایی ئەمنی وایكردووە، گروپە تیرۆریستییەكان جموجوڵەكانیان دەستپێبكەنەوە و ئۆقرەیی ئەو ناوچانە و تێكڕای عێراقیش بخەنە مەترسییەوە، ئەو دۆخەش ڕێگە لە ئارامی وڵات و سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردیش دەگرێت، كە ویستی بزاوتی جەماوەریی شەقامی عێراق و ئیرادەی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقیشە .

مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لەوەشدەكاتەوە، لەسەرهەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ‌و ڕێككەوتنی هاوبەش بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە، پێویستە دۆخی كەركوك و خانەقین و خورماتوو و ناوچەكانی دیكەش ئاسایی بكرێنەوە، بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستور، كە شاڕێی ‌ چارەسەری دۆخی كۆتاییە.