گەڵف کیستۆن: بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی شێخان دەگەیێنینە 55 هەزار بەرمیل
/
اقتصادی
/
زایەڵە
گەڵف کیستۆنی
شێخان
نەوت
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی رایگەیاند لە پێنج مانگی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیی لە کێڵگەی شێخان بەرێژەی 20٪ زیادیکردووە و ئەمساڵ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە دەگاتە 55 هەزار بەرمیل لەکاتێکدا بڕیاربوو ساڵی 2022 بگاتە ئەو ئاستە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕووداو، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، کە لە کێڵگەی شێخانی پارێزگای دهۆک وەبەرهێنان دەکات، لە راپۆرتێکدا چالاکییەکانی کێڵگەکە لە ئەمساڵدا ئاشکرادەکات و دەڵێت تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی ئەمساڵ 43 هەزار و 600 بەرمیل بووە. واتە بڕی 6 هەزار و 950 بەرمیل زیادیکردووە و بڕیاریشە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکە بگەیێنێتە 55 هەزار بەرمیل، واتە بە زیادبوونی 11 هەزار و 400 بەرمیل.
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی کێڵگەی شێخان رۆژانە بڕی 18 هەزار و 375 بەرمیل زیادبکات.
گەڵف کیستۆن، خاوەنی 80%ی کێڵگەی شێخانە، خاوەندارێتیی 20٪ی کێڵگەکەش بۆ کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ (MOL)ی هەنگاری دەگەڕێتەوە.
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "بەردەوامین لە کارکردن لە ژینگەیەکی سەخت بەهۆی کۆڤید 19ەوە، تێکڕای بەرهەمی ساڵانەمان تاوەکو 10ی حوزەیرانی 2021 بریتی بووە لە 43 هەزار و 600 بەرمیل لە رۆژێکدا، واتە زیاتر لە 20٪ی بەرهەم بە بەراورد بەتێکڕای ئاستی بەرهەمی ساڵی 2020".
هەروەها دەڵێت: "ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە رایبگەیێنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری SH-13، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری هەڵکەندن لە پێش وادەی دیاریکراودا. هەروەها بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەهای یەدەگی کێڵگەی شێخان لە بەرژەوەندیی خاوەن پشکەکان".
لە راپۆرتەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە: "چاوەڕێ دەکرێت ئاستی بەرهەمی رۆژانە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ بگاتە 55 هەزار بەرمیل، لە کاتێکدا دانرابوو لە چارەکی یەکەمی 2022 بەو ژمارەیە بگەین".
لەبارەی ئەو بڕە پارانەشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، کۆمپانیا بەریتانییەکە ئاشکرایدەکات 100 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بووە، لەم بڕە پوختەی گۆڵف کیستۆن وەکئاماژەی بۆ کردووە 78 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار بووە، کە شایستەی کۆمپانیاکان لە نەوتی فرۆشراو، لەگەڵ وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکان بووە.
کێڵگەی شێخان، لە تەمموزی 2013ەوە نەوتی لێبەرهەم دەهێنرێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەمهاتووە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی دەڵێت کاردەکات لەپێناو ئەوەی بەرهەمی کێڵگەکە بگەیێننە 110 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
تێبينيێك بنێرە: