ئاسایشی گەرمیان دەستی بەسەر كۆمەڵێك چەكدا گرت و چوار کەسی دەستگیر کرد

(0) / / اجتماعی / زایەڵە گەرمیان چەك


Jun 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستیان بەسەر كۆمەڵێك چەكدا گرت و ٤ چوار تۆمەتباریشیان دەستگیركرد .
بەپێی ڕاپۆرتی  زایەڵە،  لەڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی   ئاسایشی  گەرمیان کە وێنەیەکی  بۆ زایەڵە  نێردراوە،  پاش ئەوەی زانیاری تەواو دەست هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان كەوت سەبارەت بە گروپێكی قاچاخچێتی چەك ، دەست بە جێ لە لایەن هێزەكانمانەوە دەست كرا بە لێكۆڵینەوەی وورد و بە دواداچوونی تەواو بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و ڕووبەڕوو كردنەوەیان بە دادگا.
لە ڕێكەوتی 7/6/2021 لە لایەن هێزەكانی زاڵگەی ساڵح ئاغای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە توانرا دەست بگیرێت بە سەر ئۆتۆمبیلێكی جۆری (توێتا پرادۆ) كە جێگای شاراوەی بۆ كرابوو بۆ ئەوەی  چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی قاچاخ و قەدەغە كراوی پێ بگوازنەوە ، لە گەڵ دەست بەسەرا گرتنی ئۆتۆمبیلەكەشدا دەست گیرا بەسەر كۆمەڵێك چەكی هەمە جۆر كە پێك هاتوون لە (3)سێ M4  و (32) سی و دوو دەمانچەی هەمە جۆر و (4)چوار كڵاشینكۆف و (6) شەش بڕنەو و (1) یەك سمینۆف ، هەروەها دەستگیركردنی (4) چوار تۆمەتبار بە ناوەكانی (ا ح و   /م ا ح  / ف ق ا  /ع م و) بەپێی مادەی (21)ی یاسای چەك ڕاگیراون و هەر بە هەمان مادەی یاسایی فەرمانی دەستگیر كردن بۆ (3) تۆمەتباری دیكە دەركراوە كە پەیوەندییان بە تاوانەكەوە هەیە.
جێی ئاماژە پێكردنە لە لێكۆڵینەوە سەرەتایەكاندا تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە كە ئەو چەكانە لە شاری بە غدادەوە بەشێوەی قاچاخ و شاراوە هێناویانە بە مەبەستی فرۆشتن و بازرگانیكردن بیبەن بۆ شاری سلێمانی و لێكۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە .
 کامەران کەریم