پارتى تۆمەتبار دەکرێت بە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاواره‌ ئێزدییه‌كان

(0) / اجتماعی


Jan 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسێکی ئێزدی، پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبارکردوە بەوەی ڕێگە بەئاوارە ئێزدییەکانی نیشتجێی هەرێمی کوردستان نادات بۆسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان لەقەزای شنگال بگەڕێنەوە.

 

بەپێی هەواڵی زایەڵە، فەهد حامید قائیمقامی شنگال لەلێدوانێکدا بۆ پێگەی مەعلومە وتویەتی:"پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو بەکارهێنانی دەنگی هەزاران ئاوارەی ئێزدی ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ڕێگەیان نادات بۆسەر زێدی خۆیان بگەڕێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەنگۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی ناوچەکە بڵاودەکاتەوە".

 

حامید ئاشکرایکردوە، لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە ڕێگری لەسەدان خێزانی ئێزدی نیشتەجێی کامپەکانی هەولێرو دهۆک کراوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".

 

به‌وته‌ى قائیمقامی شنگال پارتی، "باش دەزانێت دەنگی خەڵکی شنگالی لەگەڵدا نییە، بۆیە لەپێناو بەدەستهێنانی کورسی ئێزدییەکان، دەیەوێت سود لەدەنگی ئاوارە ئێزدییەکانی ناو کەمپەکانی هەولێرو دهۆک وەربگرێت".

 

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا دۆسیەی ئاوارەکان لەعێراق بەیەکجارەکی کۆتایی پێبهێنێت‌و سەرجەم کامپی ئاوارەکان دابخات، بەڵام تائێستا هیچکام لەکامپەکانی پارێزگای هەولێرو دهۆک دانەخراون کە هەزاران ئاوارەی ئێزدییەکان تێدا نیشتەجێیە.