عەلی حەمە ساڵح بۆ زایەڵە: بۆ دەبەزاندنی نرخی بەنزین دەبێ حکومەتی ھەرێم لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ نەوت بپاڵێوێت

(0) / / گفتگو / عەلی حەمە ساڵح زایەڵە بەنزین نەوت پاڵاوتن گرانی


Jun 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان  ئاشکرایکرد، پشتیوانی و دەستخۆشی بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بە ٥٠٠ دینار و ھیوادارم بە بڕێکی زۆر بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر ئەم ڕاستیانە نەوترێت نرخی بەنزین دانابەزێت.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان  لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری  زایەڵە  ڕایگەیاند،  ڕێگای دروست بۆ دابەزاندنی بەنزین ئەمەیە، ئێستا تەنێک بەنزین بەبێ تێکەڵکردنی مەوادی خراپ بە دوایەمین تەندەر لە ئێران کە بۆ ٥٠  ھەزار تەن کراوە بە ٥٥٨ دۆلارە دەرچوە ( بەڵگەنامە دادەنێم) .. ئەمە بۆ ھەرێم دێت. ئەگەر بازرگان ھیچ قازانج نەکات و کرێی گواستنەوە و گومرگ و کۆمپانیا و گۆڕەپان و خەزان و قازانجی بەنزینخانەش نەخرێتە سەری. یەک لیتر ٦٣٥ دینار دەکەوێت.
وتیشی، چونکە ٥٥٨ دۆلار کەڕەت ١٤٨ ھەزار( دەکرێتە دینار) دابەش ١٣٠٠ لیتر.
بۆ بەنزینی باش ئەگەر حسابی گومرگ و گواستنەوە و بکرێت بەبێ قازانجی بەنزینخانە تەنێک ٦٦٠ دۆلار دەکەوێت و لیترێک نزیک دەبێتەوە لە ٧٥٠ دینار.  ئەگەر تێکەڵ بکرێت لەگەڵ کۆندێن سەیت پترۆ کیمیاوی و نەفتا دەتواندرێت بە ٧٠٠ بفرۆشرێت. بەڵام ھەم زیان لە ئۆتۆمبیل دەدات و ھەم ژینگەش خراپ دەکات.
ڕێگای دروست ئەوەیە حکومەتی ھەرێم لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ نەوت بپاڵوێت و پشتیوانی دابەزاندنی نرخ بکات وەک عێراق. ئەگەرنا دابەزاندنی نرخ بۆ بەنزینی باش قورسە. بە گرانبونی نرخی نەوت بەنزینیش گراندەبێت.
ڕونیشیکردەوە،  ئێستا حکومەتی ھەرێم ٨٧٠ ھەزار لیتری ڕۆژانەی ھەیە و بەرھەمی ٢٥ ھەزار بەرمیلی پاڵاوگەی کارە. بە قۆرخکاری بە ٦٣٠ دینار دراوە بە کوردنەفت و سەن ئۆیڵ. دەتوانێت ھەم بەرھەم زیادبکرێت و ھەم ئەم قۆرخکاریەش لاببرێت و بە کەمتر لەو نرخەش بدرێت. پاڵاوگەی بازیان- قەیوان "٤٠ ھەزار بەرمیل" بۆ عێراق کاردەکات، بەرمیلێک نەوت بە ٨ دۆلار دەپاڵێوێت و کۆی بەرھەم دەداتە عێراق.
پاڵاوگەی کەڵەک "١٧٥ ھەزار بەرمیل" ٢٥ ھەزار بۆ عێراق و ٢٥ ھەزار بۆ حکومەتی ھەرێم و توانای پاڵاوتنی ١٢٥ ھەزار بەرمیل کار ناکات. پاڵاوگەی لاناس "٢٥ ھەزار بەرمیل" نەوتی سوریا و عەینزالە دەپاڵێوێت. پاڵاوگەی دوکان: وەستاوە .
باسی لەوەشکرد، سەرباری ئەوەش من پشتیوانی ھەر ھەوڵێک دەکەم بەنزینێکی کوالێتی باش بدرێت  بە ٥٠٠ دینار، بەڵام گرنگە بڕەکەی زۆر بێت و بەردەوام بێت. ئەگەر ڕۆژانە ٢٠٠ ھەزار لیتریش بێت ١٠٪‏ پێداویستی سلێمانی دابین دەکات. بەڵام ئەگەر چەند تانکەرێکی کەم بێت و کەسێک بیکڕێتو بۆ یەکجار بە ھەرزان بیفرۆشێت ھیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
کامەران کەریم