هێرش بۆ سەر هەولێر لە رێگەی چەند درۆنێکەوە بووە

(0) / / کردستان / زایەڵە درۆن هەولێر تیرۆر


Jun 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی چەند درۆنێکەوە هێرش دەکرێتە سەر پارێزگای هەولێر و هێرشەکە لە نزیک گوندی براغ، بە دووری 3 کیلۆمەتر لە نزیک کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا بووە. بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەولێریش دوو هێرشی دیکەش لەو شێوەیە لە نزیک گۆمەسپان روویداوە.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە رووداو، کاژێر 1:30 بۆ 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26-06-2021، بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان هێرشێک لە رێگەی درۆنەوە بۆ سەر گوندی براغ لە نزیک کۆمەڵگەی شاوێس کراوە کە تەنیا 3 کیلۆمەتر لە کۆنسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکاوە دوورە.
 هێرشەکە لە رێگەی درۆنی تی ئێن تیڕێژکراو بووە، دووان لە تی ئێن تییەکان تەقیونەتەوە و یەکێکان نەتەقیوەتەوە، یەکێک لە تی ئێن تییەکان بەر باخێک لە گوندەکە کەوتووە، دوابەدوای هێرشەکانیش هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەڵام تاوەکو  ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا ئەمە دووەمجارە لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکرێتە سەر پارێزگای هەولێر، جاری رابردوو بارەگاکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایە ئامانج.
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەولێر، دوو هێرشی دیکەی لەو شێوەیە لە نزیک گۆمەسپان روویداوە، بڕیارە لەسەر ئەو هێرشە ئەمڕۆ راگەیێندراوێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاو بکرێتەوە.
رۆژی 14-4-2021 هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. دوای ئەنجامدانی هێرشەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لە رێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانە کراوە".