داهاتی نەوت، برایم خەلیل، هەولێر و دهۆك نەگەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی
/
کردستان
/
زایەڵە
نەوت
وەزارەتی دارایی
مووچە
داهاتی نەوت، برایم خەلیل، هەولێر و دهۆك نەگەڕاوەتەوە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرچاوەیەك بە مێدیای فەڕمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی گوت تا 4ی تەموز داهاتی نەوت و داهاتی نێوخۆی هەولێر و دهۆك و برایم خەلیل نەگەڕاوەتەوە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ئەمڕۆ 10 رۆژ بەسەر وادەی دەستپێكردنی مووچەدا تێپەڕیوە، هێشتا زۆرینەی وەزارەتەكان مووچەی مانگی 6یان وەرنەگرتووە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان گوتی: سبەینێ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت.
پێشتر مێدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویانكردەوە كە بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتە نێوخۆییەكانی سلێمانی دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە.
رێباز حەملان راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ مێدیای پارتی گوتی: دواكەوتنی مووچە كێشەیەكی تەكنیكییە چارەسەر دەكرێت.
ئەمە دووهەم مانگە مووچە لە وادەی خۆیدا دابەشناكرێت، لەكاتێكدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە و داهاتی نێوخۆش زیادیكردووە، بەڵام سەرباری بەردەوامی لێبڕین مووچە لە وادەی خۆشیدا دابەش ناكرێت.
بڕیاربوو لە بەغداوە بڕی 200 ملیار دیناری مانگە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام بەهۆی رازی نەبوونی وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق پارەكە نەنێردرا.
هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و عێراق مەسروور بارزانی و مستەفا كازمی رێككەوتبوون لەسەر بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەندیكردبوو، بەڵام وەزیری دارایی و ئابووری عێراق كێشەی بۆ دروستكرد.
هەندێك سەرچاوەی دیكە هۆكاری دواكەوتنی مووچە دەگەڕێننەوە بۆ تووڕەبوونی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی فراكسیۆنی پارتی بۆ سەر لە كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەماندا كە بووەهۆی ئەوەی دەوامی وەزارەت نەكات و بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش نەچێت لە هەفتەی رابردوو كە كۆبوونەكە شكستی هێنا نەكرا.
چەند سەرچاوەیەك گوتویانە لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە ناكرێت، بەڵكو لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادە دەكرێت.
تێبينيێك بنێرە: