رونکردنەوەیەکی دژەتیرۆری یەکێتی لەبارەی تۆمەتبارکردنیان بە "کاری نایاسایی و قاچاخچێتی"

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکێتی نیشتیمانی دژەتیرۆر


Jul 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری یەکێتی نیشتیمانی رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەیان و بە "ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن، لەکاتێکدایە ئێمە پەیوەندییمان بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن نیەو نەبوە، بەڵکو ڕاستیەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمەو بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر رونکردنەوەیەکی لەبارەی تۆمەتبارکردنیان بە "کاری نایاسایی و قاچاخچێتی" بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، "لای ھەموان ڕونە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشق پێکراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە ، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتن بە سەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە لە چەند رۆژی ڕابردو، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو ، ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن".
ئەوەش هاتوە، "ئێمە لێرەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕون دەکەینەوە ، ھێزی دژەتیرۆر دورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە نیەو نەبوە ، بەڵکو ڕاستیەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمەو بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبون ، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابون بەم کارە نایاساییانە بە ڕەسمی دەرکراون و روبەڕوی دادگا دەکرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات".
بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر لەرونکردنەوەکەدا دەڵێت، "بۆ ھەمولایەکی ڕوندەکەینەوە دژەتیرۆر وەک ھەمیشە لە سەنگەری خەڵک، سەروەری یاسا ، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەرکی سەرەکیمان ڕوبەڕوبونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات ئاشکراشی دەکەین ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەمو رەنگ و بۆچونە جیاوازەکانە و بەگڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لە ڕابردو ، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوکاری ھەموان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ڕوبەڕوبونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا".