مەسرور بارزانی داوای قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە مەسرور بارزانی هەرێمی کوردستان ئەنفال بارزانی


Jul 31, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان جەختی لە سەر پێویستیی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان رایدەگەیەنێت " ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون."
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان:
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا، هەزاران  مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن.
جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی.
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون .
لەم یادەدا، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ  قوربانیانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانیەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین.
 یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
31ی تەمموزی
2021