بارزانی و هوس جەختیان کرد؛ باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیریی عيراق
/
کردستان
/
زایەڵە
مەسعود بارزانی
پارتی
مارتین هوس
هەولێر - بەغدا
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیریی زیاتری عيراق.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-8-2021، لە سەلاحەددین لەگەڵ مارتین هوس، باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دیداری کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا، کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام دراوە، مارتین هۆس پێزانینی بۆ بووژانەوە و سەقامگیری هەرێمی کوردستان هەبوو و دەستخۆشی لەو دەستکەوتانە کردووە، کە هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، ئیداری و سەقامگیری بە دەستی هێناوە.
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە یەکێتیی ئەوروپا لە قۆناغەکانی داهاتووشدا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا، بارزانی و باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا بارودۆخی سیاسی عێراق، مەترسی و ئالنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیان تاوتوێ کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیریی زیاتری عيراق.
بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی سووریا و ئاییندەی کورد لەو وڵاتە، تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بووە.
تێبينيێك بنێرە: