غەیاس سورچی: هەڵوێستی لاوازی عێراق و هەرێم ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تورکیا بەتەواویی شەنگال داگیربکات

(0) / / کردستان / زایەڵە غەیاس سورچی شەنگال بەعشیقە


Aug 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی موسڵی یەنەکە دەڵێت، تورکیا بەپاساوی شەڕی داعشەوە سەربازگەیەکی گەورەی لە بەعشیقە دامەزراندووە، بەڵام “نەمبینی ڕۆژێک لەو سەربازگەیەوە فیشەکێک دژی داعش بتەقێنێت”، هاوکات لەبارەی هێرشەکانی سەر شەنگالیشەوە ئەو بەرپرسەی یەنەکە پێیوایە، تورکیا دەیەوێت شەنگال داگیربکات و دواتر لەوێوە بەرەو موسڵ و کەرکوک هەنگاو بنێت، دەشڵێت: هەڵوێستی لاوازی عێراق و هەرێم ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تورکیا بەتەواویی شەنگال داگیربکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، غەیاس سورچی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر شەنگال بە ڕۆژنیوزی وت: پەکەکە هێزی سەربازیی لە شەنگال نییە، بەڵکو کاریگەری فیکری پەکەکە لەسەر ئێزدییەکان هەیە، بەڵام پەکەکە نین.
ئەوەشی نەشاردەوە کە تورکیا دەیەوێت “شەنگالیش داگیربکات و دواتر لەوێوە بچێتە تەلەعفەر و کەرکوک و ویلایەتی موسڵ زیندوو بکاتەوە، بۆ ئەوەش پەکەکە وەک پاساو نیشاندەدات”.
ئەو بەرپرسەی یەنەکە ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو ڕۆژەی تورکیا بۆردوومانی شەنگالی کرد، هەمان کات سەرۆک وەزیرانی عێراق لە موسڵ بوو و بەرەو شەنگال دەڕۆیشت، ئەمە نەک تەنها پێشێلکردنی سیادەی عێراقە، بەڵکو سووکایەتیکردنیشە چونکە دەیزانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو ناوچەیەیە.
غەیاس سورچی لەبارەی ڕۆڵی بنکەی سەربازیی بەعشیقە لە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شەنگال وتی: من خۆم خەڵکی باشیکم، لەوەتەی پەکەکە هێزی چەکداری هەیە تائێستا ڕوویان نەکردووەتە باشیک و دەوروبەری، بەڵام تورکیا سەربازگەیەکی گەورەی لە باشیک بەناوی شەڕی داعشەوە دامەزراندووە کە تەنها ١٢ کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵەوە دوورە، بەڵام نەمبینی ڕۆژێک دوو گوللـە هاوەن یان دوو گوللـە دۆشکە لەو سەربازگەیەوە دژی داعش بتەقێندرێت.
بەرپرسەکەی مەڵبەندی یەنەکە لە موسڵ بە دووریشی نازانێت “تورکیا ئۆپەراسیۆن دژی شەنگال ئەنجامبدات” و دەڵێت: تورکیا دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت، هەڵوێستی لاوازی عێراق و هەرێمیش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تورکیا بەتەواویی شەنگال داگیربکات.
ئەو بەرپرسەی یەنەکە ڕەخنەش لە بێدەنگیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەگرێت بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و دەڵێت: دەبێت عێراق هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەی تورکیا، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبیش هەڵوێستیان هەبێت، جگەلەوەش ٧٠٪ی بازرگانیی عێراق لەگەڵ تورکیایە، خۆ دەتوانێت بازرگانیی لەگەڵ تورکیا ڕابگرێت کە گەورەترین گورز لەو وڵاتە دەدات.