تایبەت بە زایەڵە؛ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دابەزینی قەوارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە باشماخ مەریوان هەرێمی کوردستان کەماڵ حسێنی ژووری بازرگانی سنە


Aug 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی ژووری بازرگانی سنە، وتی:«سنووری باشماخ لە مەریوان یەکێک لە سنوورە گرینگە بازرگانیەکانی ئێرانە و قەوارەی هەناردە و هاوردە لەو سنوورەوە کاریگەری زۆری لە سەر بەرنامە ئابووریەکانی وڵات هەیە، بۆیە داوادەکرێت بە مەبەستی زیادکردنی هەناردەکردن، گۆڕانکاری پێویست لەم سنوورە ئەنجام بدرێت.
سەید کەماڵ حسێنی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری زایەڵەدا سەبارەت بە کێشەکانی بەشی هەناردە لە سنووری باشماخ ڕایگەیاند: ڕێژەی بارهەڵگرەکان هەناردەکەر لە سنووری باشماخ ۱۰۰تا۱٥۰ دەزگایە کە زۆربەیان کاشی، سەوزە،کاهوو ، کەلەم، سیر، فستەق و شتوومەکی سۆپەرمارکێتەکان بووە کە بە نیسبەت ساڵانی پێشوەوە بە هۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆناوە بە تەواوی دابەزیوە.
حسێنی، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی هەناردەی بە داخستنی سنوورەکان دانا و وتی: کەم بوونی جێگای داگرتن و بارکردنی کەلووپەلە هەناردەییەکان بە هۆی دانانی گەڵاڵەی سەرووبەرکردن ، بچڕانی کارەبای سنووری باشماخ لە کاتی کارووباری ئیداری گومروک و ڕاگرتنی   هاتووچۆ بۆ ماوەیەکی درێژ، بووەتە هۆی دابەزینی قەوارەی ئاڵووگۆڕی. لە ڕاستیدا بۆ برەو داین بە هەناردەی سنووری باشماخی مەریوان دەبێت ڕێکخراوی ڕێگاوبان گرینگیەکی زۆرتر  بە ژێرخانەکانی بدات.
بەرپرسی ژووری بازرگانی سنە ئاماژەی بە بچڕانی سیستەمی ئەنتەرنێتی سنوورەکە بەتایبەت لە دائیرەی گومروک دا و ڕایگەیاند : بە مەبەستی پەیوەندی پەیا کردن لە گەڵ بازرگانی جیهانیدا پێویستمان بە ئەنتەرنێتی خێرا و فەزای گونجاوی ئەنتەرنێتی لە سنوورەکان هەیە.
حسێنی داوای هاوکاری فرەتر لە گەڵ بازرگانە کۆنەکان و زیاد بوونی متمانە بە ئەوانی لە بازگەکاندا کرد و وتی: پشکنینە نابەجێکانی  بارهەڵگرەکان لە سنووری باشماخ  بووەتە هۆی دڕان و تێکچوونی کاڵا و شتوومەکەکان و ناڕەزایەتی هەردوو لایەنی ئێرانی و عێراقی، بۆیە پشکنینەکان دەبێت بە شێوازێکی درووس ئەنجام بدرێت و متمانەی نێوان گومروک و هێزی ئاسایشی سنووری زیاد بکات.
هەروەها بە ئاماژە بە گرانبوونی کرێی بارهەڵگرە عێراقیەکان بۆ کاڵا هەناردەکراوەکان، ڕایگەیاند جیاوازی  نرخی دراوی ئێران و عێراقیش یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی قەوارەی ئاڵووگۆڕیە بازرگانیەکان.
بەرپرسی ژووری بازرگانی سنە نەبوونی ئەمنیەت بەهۆی هەندێک کەسەوە کە شتوومەکی نایاسایی لە بارهەڵگرە هەناردەکەرەکاندا دەشارنەوە بە هۆکارێکی تری دابەزێنی ئاڵووگۆڕێ بازرگانی دانا و وتی: بەهۆی قەدەغەی هەناردەکردنی هەندێ کاڵا بەداخەوە هەندێ کەس بەشێوازی نایاسایی ئەم شتوومەکە ئاودیوی وڵاتی عێراق دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زەرەرمەند بوونی بازرگانەکان و دەبێت هێزی ئینتیزامی لەم بارەیەوە هاوکاری تەواوی لەگەڵ دائیرەی گومروک دا هەبێت.
حسێنی هەبوونی ئاگرکوژێنەوە و ئیمێرجێنسی لە سنووری باشماخ وەک پێویستیەک باس کرد و وتی: بە داخەوە لە سنووری باشماخ ڕۆژانە زۆرجار بینەری ئەم قەیرانەین.
ئەو لە درێژەدا هەندێکی تر لە کێشەکانی سنووری باشماخی ناوبرد و وتی: جۆری تێڕوانینی سنوورەوانی عێراقیش بۆ کاڵاکان لە سنووری باشماخ و چاک و خراپ دانانیان هۆکارێکی تری دابەزینی قەوارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانی لە باشماخە لە کاتێکدا ئەو تێڕوانینە لە سنوورەکانی تردا بەرچاو ناکەوێت.