بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەگەڵ ماکرۆن: دەبێ پێکەوە ڕوبەڕوی ئاڵنگاریەکانی ناوچە ببینەوە

(0) / / عراق / بەرهەم ساڵح زایەڵە ئیمانوێڵ ماکرۆن بەغدا


Aug 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

کۆبونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا کۆتایی هات و کەمێک پێش ئێستاش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشان ئەنجامدا، سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان عێراق و فڕەنسادا هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە ماڵپەڕی سەرۆک کۆماریی عێراقەوە، بەرهەم ساڵح لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، "چەندین ئاڵنگاری قورس هەن لەنێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەکە کە دەبێت بەشێوەیەکی هاوبەش بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فڕەنسای هاوڕێ و یەکێتی ئەوروپا روبەڕوی ببنەوە، بۆ ئەوەی بەرەو پێشچون لە ناوچەکە بێتە کایەوە، چەندین بوار هەن بۆ هاریکاری لە نێوان هەردو وڵات و دەرفەتێکی مێژوییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە گەشبینین بەوەی کە فڕەنسا پاڵپشتی لە وڵاتەکەی ئێمە بکات و وە هاریکاری گرنگە نە تەنها بۆ عێراق و فڕەنسا بەڵکو بۆ هەمو ناوچەکە".

هاوکات ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "فڕەنسا لەگەڵ عێراقە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەکان کە چەندین ساڵە روبەڕو بوەتەوە، یەکەمیان شەڕی دژ بە تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی شەڕی بە تیرۆر و ئێمە خەباتمان کردوە و بەردەوام دەبین، هەرچەندە ئێمە شەڕەکەمان لەسەر زەوی کۆتایی پێهێناوە بەڵام تیرۆری ئیسلامی لەناوچەکەدا هەیە و ئێمە دەمێنینەوە لەگەڵ ئێوەدا و پاڵپشتی فڕەنسا بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر لەسەر هیچ بڕیارێکی دیکە ناوەستێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵی 2017ەوە ئێمە هاریکاری عێراقمان زۆر کردوە و هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنەکانی خۆیان و دەشزانم ئەو بابەتە بۆ ئێوە چەند گرنگە، هەروەها چەندین پڕۆژەی ژێر خانی ئابوری جێبەجێ دەکرێن و سبەینێ سەردانی چەند پڕۆژەیەک دەکەین لە بواری تەندروستی و فێرکاری کە رێگە دەدات بە ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان بە نزیکترین کات".

ماکرۆن باسی لەوەشکرد، هاریکاری ئابوری بۆ عێراق سەرەکییە و ماوەی چوار ساڵە پەرەمان بەو هاریکاریە داوە و تاوەکو بتوانین پاڵپشتی ئەو کارە بکەین کە حکومەتی عێراق ئەنجامی دەدات و بەردەوامیش دەبین لەوکارە.

ئەوەشی خستوڕو، "بەدڵنیاییەوە پێکەوە کارکردن و پەیوەندی دو قۆڵی زیاتر دەکەن و لە چەند مانگی داهاتودا چوارچێوەیەکی دەوڵەمەند دادەنێین لەو بوارەدا، سەرباری ئەو پەیوەندیە تایبەتەی هەمانە کار دەکرێت لەناوچەکەدا و کۆنگرەی ئەمڕۆ سەرکەوتنە بۆ عێراق و بردنەوەیە بۆ عێراق، دەمەوێت بڵێم سوپاستان دەکەین، ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ئێوە و هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەنجامدراوە جاران وەکو خەون دەبینران، ئێستا بە کرداری دەکرێن و لە ساڵی رابردو لەبارەی چەندین بابەت قسەمان کرد و ئەمڕۆ جارێکی دیکە دامانڕشتوەتەوە، لە دوا کۆنفرانسی رۆژنامەوانی کە لێرە ئەنجامماندا لە ساڵی رابردودا بەرەو پێچونێکی زۆر تۆمارکراوە، ئەم قۆاغە گرنگە".