ماکرۆن بۆ نچێرڤان بارزانی؛ دڵنیاتان دەکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان
/
کردستان
/
زایەڵە
ماکرۆن
نچێرڤان بارزانی
فەرەنسا
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسادا، ئیمانوێل ماکرۆن بە نێچیرڤان بارزانیی راگەیاند "دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفاداریی فەرەنسا بۆ کورد".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووداو؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا گوتی "دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون".
دەقی قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا
سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بەڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم.
دۆستایەتییەکی تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و کوردستان هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون.
دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش رۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەوروپاش.
هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان، روویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە رۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکومەت دەگەیێنێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت.
دوێنێش بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراقم دووپاتکردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناوی ئاوارە و پەنابەرانی ئێرە. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوو، جا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی رۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروستبکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەستبهێندرێت.
گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە بەیەکەوە کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و رۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت، کە ئێوە رۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵبووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە.
لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان.
زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
تێبينيێك بنێرە: