ماکرۆن لە دیداری گەورەبەرپرسانی هەرێمی کوردستان؛ دەستبەرداری دۆستەکانمان نابین
/
کردستان
/
زایەڵە
فەرەنسا
نێچیرڤان بارزانی
هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی
ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەرەنسا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان پەیامێکە کە وڵاتەکەی "دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان رۆژی یەکشەممە 29ی ئابی 2021 لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایان تاوتوێ کرد.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە "پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەی کوردستان بە رابەرایەتیى سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە تێکشکاندنی داعش، بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە"، گوتووشیەتی "هاتنمان بۆ کوردستان، پەیامێکە کە فەرەنسا دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی هەڵوێستی دۆستانەی فەرەنسای کرد لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا، ئاماژەشی بە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگیکردن لهگهڵ فهرهنسا و كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى کرد لهپێناو چارهسهركردنى كێشهكانى عێراق بەگشتی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەتی، هەروەها رۆڵی ئەرێنیی فەرەنساشی لەپێناو ئاسایش و سهقامگيریى ناوچهكهدا بەرز نرخاند.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا.
تێبينيێك بنێرە: