روونکردنەوەی پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن

(0) / / کردستان / زایەڵە عومەر محەمەد ئەمین پەروەردە سلێمانی


Aug 31, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ١٤ی مانگی ئەیلول دەست بە دەوامی ناو پۆل دەکرێتەوە بە باخچەکانیشەوە و ئەگەر پەتاکە بەم جۆرەی ئێستا بێت ئەوا سەرجەم رۆژەکان دەوامی ناوپۆل دەکرێت، بەڵام ئەگەر رێژەی توشبوون بەرزبووەوە ئەوا بڕیاری نوێ دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عومەر محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، وەک بڕیارە ١٤ی مانگی ئەیلول لە سەرجەم قوتابخانە و باخچە حکومی و ناحکومییەکان دەست بە دەوام دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئەم ١٤ رۆژە دۆخەکە بگۆڕێت ئەوا بڕیاری نوێ دەدرێت.
باسی لەوەشکرد ، لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوامدا لە سەرجەم قۆناغەکاندا پێداچوونەوە بەو بابەتانەی ساڵی رابردوو دەکرێت کە نەخوێندراون و لەو ماوەیەشدا هیچ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێک ئەنجامنادرێت، کە بەپێی جیاوازی قۆناغەکان کاتی جیاوازیان دەدرێتێ و بۆ پۆلە سەرەتاکان کاتی زیاتریان دەدرێتێ بۆ پێداچوونەوە وەک لە قۆناغەکانی کۆتایی.
وتیشی، ئەگەر پەتاکە کەمبێتەوە ئەوا سەرجەم رۆژەکان دەوامی ناوپۆل دەکرێت، بەڵام ئەگەر رێژەکان بەرزبووەوە کە هەفتانە دەدرێتە وەزارەت، ئەوا بڕیاری نوێ دەدرێت و ئەگەری گۆڕانکاری لە کاتی کردنەوەی دەوام تەنها لەم دوو هەفتەیەدایە، ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت ئەوا دەست بە دەوام دەکەن و بڕیاری ئێستا ئەوەیە سەرجەم رۆژەکان دەوام بکرێت. بەڵام ئەگەر دۆخەکە گۆڕانکاری تێدابێت ئەو کاتە بڕیارەکانیش دەگۆڕێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سبەینێ چوارشەممە ١ی ئەیلول، مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەستبەکاربوون دەکەن و دەست بە دەوامەکانیان دەکەنەوە و لەو ماوەیەشدا تاوەکو کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەرووی خوێندکاراندا، پلان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دادەنرێت.
کامەران کەریم