جێگری سیاسیی سوپای پاسداران: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانیان بۆ کۆنترۆڵی گرووپە نەیارەکانی ئێران بن

(0) / / ایران / سوپای پاسداران زایەڵە شۆڕشی ئیسلامی هەرێمی کوردستان


Sep 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سیاسیی سوپای پاسداران شۆڕشی ئیسلامی، پەیامێکی ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوپێوەند بە چالاکیی گرووپە نەیارەکانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم، کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان، یەدوڵڵا جەوانی جێگری سیاسیی سوپای پاسداران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای ناردنی پەیام بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێم، جەختی لە سەر مافی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە هەڕەشەیێکی ئەمنی لە باکووری عێراقەوە کرد.
سەردار جەوانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێقتێساد ئۆنڵاین، وتی: کاتێک بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن و هەنگاو بۆ کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانان هەڵنەگرن، ئەوا مافی بێ ئەملاوئەولای ئێران و هێزە چەکدارەکانیەتی بۆ دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەیی بەرەنگاری "تیرۆریستەکان" ببێتەوە.
ڕاشیگەیاند: لە یاسای نێودەوڵەتیدا دان بەوەدا نراوە کە هەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری، گرینگی بە دابین کردنی ئاسایشی بدات و ئەو یەکە بە هێڵی سوور دابنێت و لە دژی بوەستێتەوە و بەرەنگاری ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە لە هێڵی سنووریی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ناوبەناو جموجوڵی گرووپە جودایی خوازەکان دەبینرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
جێگری سیاسیی سوپای پاسداران ڕاشیگەیاند: ئەوەی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجام درا لەپێناو دابین کردنی ئاسایش بووە و هەر بۆیە هەر کات بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن و هەنگاوی پێویست هەڵنەگرن، مافی سروشتی کۆماری ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانیەتی لە پێناو دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەی و بەرەنگاربوونەوەی هۆکارەکانی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، ڕووبەڕووی ئەو گرووپانە ببێتەوە.