بەرھەم ساڵح لە دیداری بایدن؛ عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا
/
عراق
/
بەرهەم ساڵح
زایەڵە
عێراق
نیویۆرک
جۆ بایدن
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی کۆبونەوەی خولی 76هەمینی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک کۆبونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی کۆبونەوەکە رایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان کراوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سێشەممە 21ی ئەیلولی 2021 لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکراوە.
ئەوەش هاتوە، لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانی لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دور لە ساختەکاری، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بەرھەم دوپاتیکردەوە کە عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە روی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.
سەرۆک بەرهەم ئەوەشی خستوەتەڕو، عێراق کاردەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەشكردوە، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک جۆ بایدن پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرزنرخاند روەو پاراستنی سەقامگیری و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئابوری، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی کار و ھەماھەنگی ھاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا، لە پێناو بەرژەوەندی ھەردو وڵات و گەلی دۆستدا.
تێبينيێك بنێرە: