سیروان بارزانی: هیچ گرفتێک لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە
(0) /
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێر- مەخموری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە هیچ گرفتێک لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە و پێشمەرگەش نەخراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێر-مەخموری پێشمەرگە هەواڵی خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی پێشمەرگەی لە بەرامبەر سوپای عێراق رەتکردەوە.
ناوبراو بە روداوی راگەیاند: پێشمەرگە چەند سەنگەرێکی نوێی لێداوە و خانوی نوێی دروستکردوە بۆ وەرزی سەرما.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جموجۆڵەی پێشمەرگە کە لە سنورەکە هەبوە، تەنیا جێگۆڕکێ کردن بوە بە هێزەکان، "پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ سوپای عێراق ئاساییە."
لێدوانەكەی سیروان بارزانی دوای ئەوە دێت كە ئێوارەی پێنجشەممە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكرایەوە پێشمەرگە لە مەخمور لە بەرامبەر سوپای عێراق خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە ئەوەش لە ئەگەری "هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكە"، بەڵام سیروان بارزانی وتی"پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و لەگەڵ سوپای عێراق هیچ گرفتێک نەهاتوەتە پێش."
تێبينيێك بنێرە: