وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراق دوو لیوای هاوبەش دادەمەزرێنین
(0) /
شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕوداو، کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە 26-10-2021 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو. شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی ئەرکان و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریق ئەول روکن، عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێنراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا کە بەئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی کرا.
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەرکی ئەم دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئاسایش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەناوچە جێناکۆکەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، تاوتوێی "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و سەرکەوتنی پلانی ئاسایشی هەڵبژاردن" کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان بەڵێنیاندا کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی بەتایبەت بۆ دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش. هەردوولاش جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە.
تێبينيێك بنێرە: