داواکارییەکی سەنتەری میترۆ لە حکومەت: سزای ئەوانە بدەن تاوان بەرامبەر رۆژنامەڤانان و میدیاکان دەکەن
/
کردستان
/
زایەڵە
سەنتەری میترۆ
میدیاکان
سەنتەری میترۆ وەك ئەندامێكی كەمپینی جیهانی بۆ كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی دەرهەق بە رۆژنامەڤانان، لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەشدار دەبێت لە یادكردنەوەی رۆژنامەڤانانی تیرۆركراو کە تێیدا پێشانگەیەك بۆ وێنە و ژیاننامەی هەندێ لە رۆژنامەڤانانی تیرۆركراوی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیکەی عێراق بڵاودەكرێنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە ڕووداو، عێراق لە پاش سۆماڵ و باشووری سوودان لە ریزبەندی سێیەمی ئەو وڵاتانەن، كە تێیدا بكوژی رۆژنامەڤانان دەربازیان بووە لە سزا. سەنتەری میترۆ دەڵێت، "دەربازبوونی تاوانباران لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدەن سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاماژەیەكی راستەوخۆیشە بۆ بێدەنگكردنی رۆژنامەنووسان بەرامبەر بە گەندەڵی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ."
بە پێی راپۆرتی ئەمساڵی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان كە ئۆفیسی سەرەكی لە نیویۆرکە، لە كۆی (278) تاوانی كوشتنی رۆژنامەڤانان لە جیهان، (226) تاوانیان بكەرانیان دەربازیان بووە لە سزا. تاوانەكانیش بەپێی راپۆرتەکە بەهۆی کاری ئەو رۆژنامەڤانانە بووە كە راپۆرت و بنكۆڵكارییان كردووە لە بابەتەكانی گەندەڵی، تاوانی رێكخراو، گرووپی تووندڕەو، تۆڵەسەندنەوەی حكومەتەكان لە ئامادەكارانی ئەو راپۆرتانە.
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەگەری ئاماژەی بەوە کردووە، رێكخراوەكەیان لەگەڵ رێكخراوەكانی (,IMS , UNESC , CPJ , ARTICLE 19 GCHR , IFEX)و چەند رێكخراوێكی دیکە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی تشرینی یەكەم، بەشداردەبن لە رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی كۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەڤانان.
رێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد کە میدیاكان ئامرازی كاریگەرن بۆ مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادیی كاركردنیان زامنی ئەو مافەیانە، بۆیە "ناكرێت باس لە مافی هاووڵاتیبوون و دیموكراسیەت بكەین بە بێ ئازادیی كاركردنی میدیاكاران."
سەنتەری میترۆ داوا دەکات هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان زەمینە خۆش بكەن تاوەکو میدیا رۆڵی خۆی ببینێ، ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵن و بكەرانی تاوان بەرامبەر میدیاكاران و دەزگەكانیان دەستی دادگەری پێبگات و دەربازیان نەبێت لە سزا.
رەحمان غەریب لە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە درێژایی 30 ساڵی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و 18 ساڵ حوكمڕانی لە عێراق پاش رووخانی دیكتاتۆرییەت، ویستێكی سیاسی لە ئارادا نەبووە بۆ سەروەریی یاسا و كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا." دەشڵێت، "دەربازبوونی تاوانباران لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان ئەنجامی دەدەن، سەروەریی یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2013 وە، رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی دیاریكردوە وەك رۆژی جیهانیی كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەڤانان دەكرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام كردووە رێوشوێنی دیاریكراو بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی دەربازبوونی تاوانباران لە سزا بگرنەبەر.
بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی ئەو دەستدرێژی و كاری تووندوتیژییانە دەكات كە دژی رۆژنامەڤانان و كارمەندانی ئاژانسەكانی راگەیاندن ئەنجام دەدرێن، داواش لە وڵاتانی ئەندام دەكات تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە تووندوتیژی دژی رۆژنامەڤانان و كۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا و فەراهەمكردنی زەمینەی لێپرسینەوە و راپێچكردنی ئەوانەی تاوان دەكەن بەرامبەر رۆژنامەڤانان.
تێبينيێك بنێرە: