وەزارەتی پێشمەرگە: یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق سەرکەوتوو بوو
/
کردستان
/
زایەڵە
سوپای عێراق
پێشمەرگە
نەینەوا
هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەنجامدا کە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە ڕاگەیێندراوی وەزارەتی پیشمەرگەوە؛ ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد، لە کاژێر 12:30 خولەک، هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.
لە راگەیێندراوی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "لە میانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخموور ـ دیبەگە) و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو.
ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجامدرا کە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێکردووە، "تێیدا ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە."
بەشێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە "پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون کە کەوتوونەتە سەر زێی گەورە و تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا."
ئەوە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی دیکە.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە لە تویتێکدا وێنەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگە، هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان، "هەموو شانەکانی داعش بە قووڵایی پێنج کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی زێی گەورەوە تاوەکو رووباری دیجلە لە چالاکی خران."
تەحسین خەفاجی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو ئۆپەراسیۆنە زۆر گرنگە. دوای زنجیریەک ئۆپەراسیۆن دێت، کە رێککەوتنی لەسەرکراوە لەگەڵ برایانی پێشمەرگە لە میانەی کۆبوونەوەکانی رابردوودا و هەروەها ناوەندەکانی هاوئاهەنگی نێوانمان لەگەڵ برایانی پێشمەرگە. ئەو ئۆپەراسیۆنە بەتایبەتی دوای ئەوەی دێت کە تیرۆریستانی داعش گەشەیانکردووە لەو ناوچانە کە بۆشاییەک هەیە لەنێوان ئێمە و هێزەکانی پاسەوانی هەرێم، داعش دەیەوێت شوێن پێی خۆی لەو ناوچە جهێڵدراوانە بکاتەوە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پلانی هاوبەشی لەگەڵ برایانی پێشمەرگە داناوە و ئەمڕۆش دەستپێکردنی یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی راگەیاند. لەناوچەی کەشافی سەروو و کەشافی خواروو بە بەشداری میحوەری شەشی برایانی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا . ئۆپەراسیۆنەکە بە زنجیرەیەک بۆردوومانی ئاسمانی دەستیپێکرد لەلایەن فڕۆکەکانی هێز ئاسمانی و سوپا و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان."
تێبينيێك بنێرە: