پەرلەمانتارێکی کوردستان بۆ زایەڵە: زیاتر لە هەشت ساڵە حکومەتی هەرێم لە کەرتی نیشتەجێبوون دەستەوسانە

(0) / / گفتگو / زایەڵە عومەر گوڵپی حکومەتی هەرێم کرێچی نیشتەجێبوون


Nov 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، تاکەی‌ خەڵک لە وڵاتی‌ خۆی‌ کرێچی بێت  حکومەت پلان ‌و بەرنامەی‌ چیە بۆ پشتیوانى هەژارە کرێچییەکان .

عومەر گوڵپی لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری  زایەڵە  ڕایگەیاند،   بەپێی‌ حوکمەکانی‌ یاسای‌ ژمارە (٧)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٨)، ئەرکی‌ حکومەتە یەکەی‌ نیشتەجێبوون بۆ خێزانەکان بەتایبەت خێزانە هەژارەکان و کەمدەرامەتەکان دابین بکات، بەڵام هەزاران خێزان کرێچین‌ و زیاتر لە هەشت ساڵیشە حکومەت لەم بوارەدا دەستەوسانە. لە ساڵی‌ (٢٠١٤)ەوە ژمارەیەک پڕۆژە بۆ دروستکردنی‌ یەکەی‌ نیشتەجێبوون چوونە بواری‌جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە پاساوی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ تا ئێستا ئەو پڕۆژانە وەستاون‌و دیار نییە حکومەت کەی‌ دەست بە تەواوکردنیان دەکات، بەتایبەت هێندێکیان زیاتر لە پێنج ساڵە تەواوبوون‌و تەنها بەهۆی‌ دابین نەکردنی‌ خزمەتگوزارییەوە دابەش ناکرێن بەسەر هەژاراندا کە بەکارنەهێنانی‌ ئەم شوقەو یەکەی‌ نیشتەجێبوونانە دەبێتەهۆی‌ بەهەدەردانی‌ سامانی‌ گشتی‌‌و زیاتر خراپبوونیان بەجۆرێک کە هێندێک لەوانە هێشتا دابەش نەکراون‌ پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە .

وتیشی، لە سیتەک ‌و زڕگوێز لە سلێمانی‌ (١٥٠٠) یەکەی‌ نیشتەجێبوون تەواوکراون بەڵام حکومەت خزمەتگوزارییان بۆ دابین ناکات تا بەکاربهێنرێن، هەروەها لە هەولێر(٣٩٦) یەکەو لە ئیدارەی‌ سۆران (١٤٤) یەکە بەهەمان شێوە تەواو بوون‌و بەهۆی‌ نەبوونی‌ خزمەتگوزارییەوە دابەش نەکراون‌و خەریکە دەبن بە کەلاوە .ئەمە بێجگە لە پڕۆژەی‌ دروستکردنی‌ (٩١٤٨) یەکە لە شارو شارۆچکە جیاجیاکان کە لە ساڵی‌ (٢٠١٤)ەوە کارکردن تیایاندا وەستاوەو تەواو نەکراون.لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ەوە دۆخی‌ دارایی‌ حکومەت باشبووەو پاساوێک بەناوی‌ قەیرانی‌ داراییەوە نەماوە، بەڵام حکومەت هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ نیە بۆ دابین کردنی‌ یەکەی‌ نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان بەتایبەت تەواوکردنی‌ ئەم پڕۆژانەی‌ لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان.

ڕونیشیکردەوە، ئەگەرچى ژمارەى کرێچى یان ئەو خێزانە کەمدەرامەت و هەژارانە دیار نییە کە خاوەنى یەکەى نیشتەجێبوون نین، بەڵام هەزاران گەنج دەچنە ژیانی‌ هاوسەرگیرییەوە، یان دەیانەوێت بچنە ژیانی‌ هاوسەرگیرییەوە، بەڵام لەژێر بارێکی‌ سەختی‌ بژێوی ژیاندان، لەلایەک لە پرۆسەی‌ هاوسەرگیری‌ حکومەت هیچ پشتیوانیەکی‌ نیە، لەلایەکی‌ ترەوە لەم دۆخی‌ بێکارییەدا ئەبێت ژیانی‌ کرێچێتی هەڵبژێرن، ئەمە بێجگە لەو هەزاران خێزانەی‌ کە لە بری‌ ئەوەی‌ بە پارەی‌ کرێکاریی خزمەتی‌ منداڵەکانی‌ بکات ئەبێت بیداتە کرێ، تا سایەیەکی‌ دەست کەوێت لە گەرمای‌ هاوین‌و سەرماو بارانی‌ زستان منداڵەکانى بپارێزێت.بۆ بەدواداچوونی‌ ئەم پرسە گرنگەی‌ ژیانی‌ خەڵک، وێڕای‌بەدواداچوونی‌ پێشووم لە کۆتایى ساڵى ڕابردوو، بەنووسراوی‌ ژمارە (پ ١٥٠) لە (١٧ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢١)، جارێکیتر داوام لە حکومەت کرد بەرنامەو پلانی‌ خۆی‌ لەم بوارە ڕوون بکاتەوە، دۆخی‌ دارایی‌ باش بووە، بۆچی‌ پارە بۆ دابینکردنی‌ ئاوو کارەباو شەقام‌و ئاوەڕۆ بۆ ئەو یەکانەی‌ تەواوبوون دابین ناکات تا هەژارەکان سودی‌ لێ وەرگرن  پاشان بەرنامەو پلانی‌ چییە بۆ تەواوکردنی‌ ئەو پڕۆژانەی‌ وەستاون ئەمە لە دۆخێکدا کە دەرفەتی‌ باش دەدرێت بە وەبەرهێنەران بۆ دروستکردنی‌ یەکەی‌ گرانبەها لەسەر حسابی‌ هەژارەکان کە زۆرینەی‌ دەرفەتەکانیش گەندەڵی‌‌و مەحسوبیەت‌و کۆمپانیای‌ حزبی‌‌و نزیک لە حزبن .

سازدانی - کامەران کەریم