سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ زایەڵە: دەمانەوێت کەڵک لە ئەزموونی پیشەسازی و کشتووکاڵی ئێران وەربگرین

(0) / / گفتگو / شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان زایەڵە یەکێتی


Nov 24, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وردەکاری سەردانی شاندێکی بازرگانی هەرێمی بۆ وڵاتی ئێران خستەڕوو و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەیانەوێت کەڵک لە ئەزموونی پیشەسازی و کشتووکاڵی ئێران وەربگرن.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری زایەڵە، وتی: شاندێکی بازرگانی لە هەرێمی کوردستانەوە 15 ی تشرینی دووەمی 2021 سەردانی ئێرانی کرد، سەردانەکەش لە سەر بانگهێشتی فەرمی و بۆ بەشداری لە چەندین پێشانگا لە شارەکانی تاران و ئەسفەهان بووە.

ناوبراو وتی: دوو ڕۆژی سەرەتای سەردانەکە لە تاران و بە بەشداری لە پێشانگایەکی گەورەی کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵ بەڕێکرا، ئەندامانی شاندەکە لە گەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکانی ئەو پێشانگایە وتووێژ و یەکتر بینینیان هەبوو، یەکێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان 4 گرێبەست و کۆمپانیایەکی دیکەش 2 گرێبەستی واژۆ کرد.

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمەش لە گەڵ ڕێکخەری پێشانگاکە، واتە یەکێتی وەبەرهێنەرانی کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵ، پرۆتۆکۆلێکمان واژۆ کرد، هەورەها چەندین کۆبوونەوەش بەڕێوەچوو، لە گەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکان، لە گەڵ جێگری وەزارەتی کار و تەعاونی ئێران و گرێبەستێکیش واژۆ کرا.

وتیشی کە لە پاش دوو ڕۆژ و بە فەرمی بانگهێشتی شاری ئەسفەهان کراین و لە کۆبوونەوەکانیش باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو پارێزگایە و هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی ئامادەبوونی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان و نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمەکانیان کرا.

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان وتی: سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی تایبەتی کاڵا و بەرهەمەکانی پارێزگای ئەسفەهانیش لە هەرێمی کوردستان وتوویژ کرا، لە گەڵ جێگری پارێزگاری ئەسفەهانیش کۆبوونەوەیەک کرا و بە فەرمی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو پارێزگایە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کران.

ناوبراو وتی: لە سەردانەکەدا بۆ ئەسفەهان ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و یەکە وەبەرهێنەرەکانی ئەو پارێزگایە بەسەرکرایەوە و دەتوانم بڵێم کە لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان گرنگییەکی زۆری هەبووە.

وتیشی: نزیکەی 2 هەزار لە 10 هەزار ئەندامەکەی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی دەکەن، هاتووچۆی شاندە بازرگانییەکانیش بەردەوام هەبووە و وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان وەک دراوسێیەکی گرنگ دەبینین.

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان وتی: لە هەرێمی کوردستانیش دەرفەتی چالاکی لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتووکاڵ هەیە و بۆ ئەمەش بەردەوام بانگهێشتی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ چالاکی لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەمانەوێت کەڵک لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین، بە تایبەت کە لە کەرتی پیشەسازیدا توانایەکی زۆر لە وڵاتی ئێراندا دەبینرێت./.