هەیسەم جبوری : جگە لە رادەستكردنی نەوتی هەرێم هیچ شتێكی تر قبوڵ ناكەین
(0) /
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە وەفدی حكومەتی هەرێممان وتوە، جگە لەرادەستكردنی دۆسیەی نەوت بە سۆمۆ، هیچ شتێكی تر قبوڵ ناكەین. دەشڵێت، بڕگەی سێیەمیان لە ماددەی 11ی پڕۆژە یاسای بودجە هەڵوەشاندۆتەوە كە تایبەتە بە دانەوەی قەرزە كەڵەكەبوەكانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی یەكشەممە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی عێراق، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لیژنەكەیان بڕگەی سێیەم لە ماددەی 11ی پڕۆژە یاسای بودجەیان هەڵوەشاندۆتەوە كە باس لەوە دەكات حكومەتی عێراق قەرزە كەڵەكەبوەكانی سەر هەرێمی كوردستان بداتەوە، چونكە ئەوە داننانە بەوەدا كە ئەو قەرزانەی پابەندیی حكومەتی فیدراڵین.
وتیشی: سەڵاحەیەتمان داوە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا وردبینی ئەو بابەتە بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا.
سەبارەت بە كۆبونەوەكانیان لەگەڵ وەفدی هەرێم، هەیسەم جبوری وتی، سێ جار دیدارمان لەگەڵ وەفدی هەرێم هەبوە، پێمانوتون كە جگە لە رادەستكردنی نەوت و سەرپەرشتیكردن و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە، شتێكی تر قبوڵ ناكەین.
ئاماژەی بەوەشدا، وەفدەكەی هەرێم پێیانوتین دەرفەتێكمان بدەنێ با بگەڕێینەوە هەرێم و گفتوگۆی بكەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و دواتر دەگەڕێینەوە بەغداو وەڵامتان دەدەینەوە.
جەختیشی كردەوە، دەكرێت بگەینە ئەنجامێك لەگەڵ هەرێم.
هەیسەم جبور، وێڕای ئەوەی باسی لەوەكرد كە كەشی كۆبونەوەكانی نێوان ئێمەو وەفدی هەرێم دۆستانە بوە، بەڵام وتیشی"دۆستایەتی و موجامەلە بەس نییە بۆ كاركردنی راستەقینە، ئەوان برامانن و دەبێت رێزو دۆستایەتی لەنێوانماندا هەبێت، بەڵام ئەمە ئەگەر لەگەڵیدا دەقێكی یاسایی نەبێت بۆ پاراستنی مافی هەمو لایەك بەشێوەیەك كە یاساكەش ببێتە كردەیەكی راستەقینە بە پابەندبونی هەردو حكومەت بە یاساكەوە، ئەم دۆسایەتییە بەهای چی دەبێت؟"
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا كە تاوەكو ئێستا ئەو بابەتە لە بودجەدا یەكلایی نەكراوە، ئەو وتی"ئامانجی ئێمە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، بەڵام ئەم هاوڵاتیانە باجی هەڵەی حكومەتی هەرێم و لاوازی حكومەتی فیدراڵ دەدەن لەوەی كە لێپێچینەوەی لەوانە نەكردوە كە لە حكومەتی هەرێمدا كەمتەرخەمن. رەنگە گەورەترین گوشاری سەر ئێمە هاوڵاتیانی هەرێم بن بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن."
هێمای بۆ ئەوەش كرد "هەندێك لە ئەندامانی كورد لە لیژنەكەمان پێشنیاری ئەوەیان كردوە كە ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندنەبو بەوەی لە بودجەدا جێگیردەكرێت، ئەوا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكرێت، هەر پارێزگایەك داهاتی خۆی رادەستی حكومەتی بەغدا كرد، موچەی بۆ بنێردرێت." بەڵام وتیشی"ئەم پێشنیارە ئاسان نییەو دەستوریش نییە."
هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە رادەستكردنی لەسەدا 50ی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بە بەغدا لە ماددەی 11ی پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیركراوە.
کۆتایی/.
تێبينيێك بنێرە: