نێچیرڤان بارزانی  داوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم


Dec 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی داعش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرش و پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی تووند و خێرا و گرتنەبەری رێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی دەوێت".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی رابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆسه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌يەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپه‌راسيۆنى راونانى تيرۆرستاندا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی ئاراسته‌ى بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کردووە و دەڵێت، "لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "هێرش و پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی تووند و خێرا و گرتنەبەری رێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانیان دابنێت".
بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، "پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشایی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕبکاتەوە".
لەڕووی سیاسیشەوە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "دەبێت هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان بزانن کە تاوەکو پرۆسەی سیاسی راستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عێراقییەکانە تاوەکو زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین".