مه‌سعود بارزانی: پێداچوونەوە بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت

(0) / / کردستان / مه‌سعود بارزانی زایەڵە


Dec 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

مه‌سعود بارزانی، له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، كە لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەسعود بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ستایشی دایكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كرد، كه‌ ئه‌مشه‌و سێ جگه‌رگۆشه‌ی به‌ ده‌ستی داعش شه‌هید بوون.
له‌ باره‌یه‌وه‌ بارزانی رایگه‌یاندووه‌، "سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەكەم كە سێ كوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە كاروانی نەمران و شەهیدبوون و، لە خودای گەورە داواكارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت".
پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم گیانی پاكی شەهیدەكانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و دڵنەوایی بە كەسوكار و بنەماڵەكانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەكەم كە سێ كوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە كاروانی نەمران و شەهیدبوون و، لە خودای گەورە داواكارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەكانی ئەو شێرەژنە بۆ هەموومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاكانی گەلەكەمان و، لە دڵەوە سوپاسی دەكەم.
ئەوەش ڕادەگەیێنم كە لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك. پێویستە بە زووترین كاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە دوژمن بكرێتەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
3ی كانوونی یەكەمی 2021