بارودۆخی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی خراپ دایە

(0) / / گفتگو / زایەڵە کاوە گەرمیانی ئازاد عوسمان عومەر گوڵپی شیرین ئەمین


Dec 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی کەچی تا ئێستا ئەوانەی لە پشت تیرۆرکردنی ناوبراوەن دەستگیرنەکراون و کەیسی چەندان ڕۆژنامەنوسی دیکەی تیرۆرکراو لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و دادگا کەیسەکانی یەکلای نەکردۆتەوە و ڕۆژنامەنوسێکیش ڕایدەگەیەنێت: یادکردنەوەی ڕۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو ئەوەدەگەیەنێت کە ئەم کەیسانە بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگن و هەرگیز لەبیرناکرێن.
ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان بۆ زایەڵە، وتی: ئەو کەسانەی کە لە پشت تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسانەوەن گرەویان لەسەرئەوە دەکرد ئەم یادکردنەوانە ڕۆژێک و دووانە و لەبیردەکرێن، بەڵام ئێمە دوای هەشت ساڵ کە ئەو یادە دەکەینەوە ئەو پەیامە بڵاودەکەینەوە کە ئەم کەیسانەمان لەبیرناچێت و ئەم کەیسانە بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگن و هەرگیز لەبیرناکرێن.
رونیشی کردەوە: ئەو بەدواداچونانەش کە دەیکەین بۆ بکوژانی ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی لەپشتیانەوەن دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە ڕێگەنادەین تاوانباران هەروا بەئاسانی دەربازببن.
لەبارەی دۆخی ڕۆژنامەوسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ، ئاشکرای کرد: دوای ئەوڕوداوانەی کە ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسی تێدا تیرۆر کرا دۆخی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان  بە ئاستەنگێکی خراپدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دۆخی ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ زۆر خراپە، چونکە کۆمەڵێک ڕۆژانەوانی سێبەری حیزب وایانکردووە فەزاکەیان جەنجاڵ کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو هەڵمەتە یاسایەی کە بەرامبەر بە ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان دەکرێت بەتایبەت لە بادینان دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی یاساوە سزای ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بدات کە ئەمەش پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە.
لە هەرێمی کوردستان دادگاکان کەوتونەتە ژێر هەیمەنەی حیزب و بەرپرسە حیزبییەکانەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان یەکلای بکرێتەوە و ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستانیش بۆ زایەڵە ئاشکرای دەکات: لە کوردستاندا دادگاکان سەربەخۆ نین.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان وتی: لە بنەمایا دۆسێیەکی لەم جۆرە دۆسێی دادگاکانە و هەرکات دادگاکان هەیمەنەی دەسەڵات و حیزبیان لێ دورکەوتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە دادوەرەکانمان توانای ئەوەیان هەیە ئەوکەسانەی کە ستەمکارن و دەستیان لەتاواندا هەیە سزایان بدەن.
دەربارەی ڕۆڵی پەڕلەمان عومەر گوڵپی  بۆ زایەڵە ڕونیکردەوە: لە ناوپەڕلەماندا زۆرینەیەک کە سەربە فراکسیۆنەکانی دەسەڵاتە نایانەوێت پەڕلەمان بەڕۆڵی خۆی هەستێت و نایانەوێ پەڕلەمان وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک بێت.
ئەندامەکەی پەڕلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: بۆ ئەوەی دادگاکان سەربەخۆبن و پەڕلەمان بتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات دەبێت هەموو چاکەکاران لەکوردستاندا دەستبخەنە دەستی یەکەوە لەپێناو ئایندەی وڵاتەکەماندا.
شیرین ئەمین هاوسەری شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بە نیگەرانیەوە باس لەوە دەکات کە لەهەرێمی کوردستان دەسەڵات خۆی داڵدەی بکوژانی ڕۆژنامەنوسان و شەهیدانی ١٧ شوبات و شەهیدانی نان و ئازادی دەدەن لە کوردستاندا و دەسەڵات خۆی هانی بکوژان دەدات کە ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران شەهیدبکەن و دواتریش هەرخۆیان دۆسیەکانیان وندەکەن
شیرین ئەمین بۆ زایەڵە، وتی: ڕەنگە لە ئێستادا دەسەڵات بتوانێت ئەم کەیسانە ونبکات، بەڵام دەبێت ئێمەی کەسوکاری شەهیدان و ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ئازادی خواز و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەرپێی خۆمان بوەستین و دەبێت دەنگێکی نەخێربین و بەهیچ فشارێک نەوەستین
دەربارەی داهاتووی بارودۆخ و ژیانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی لەهەرێمی کوردستاندا  و ئەو گۆڕانکاریانەی کە پێویست دەکات بێنە ئاراوە شیرین ئەمین هاوسەری شەهید کاوە گەرمیانی بۆ زایەڵە، وتی: نابێت نائومێدبین، چونکە مرۆڤی نائومێد لەگەڵ مردویەکدا هیچ جیاوازییەکی نابێت، ئەگەرچی تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی شەهیدکراون، بەڵام ئێمە ئێستا بوین بە جێگرەی ئەوان و نابێت نائومێدبین. دەبێت بە نەفەسێکی نوێوە بەردەوام بین تا ئەوەی ڕۆژێک دێت کە دەسەڵات بکەوێتە دەستی ئێمە و ئەوکات بتوانین تاوانباران ڕاپێچی دادگابکەین
سەردەشت محەمەد