جه‌ختی نێچيرڤان بارزانى و محه‌ممه‌د حەلبووسی له‌ ئاماده‌يى و پێگه‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسيى عێراق

(0) / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی هەرێمی کوردستان محه‌ممه‌د حەلبووسی تەقەدووم


Dec 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کۆبووەوە و تاوتوێی پرۆسەی سیاسیی عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواييه‌ى داعشیان کرد و هاوکات جەتیان لە سەر ئاماده‌يى و پێگه‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسيى وڵات کرد.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 7-12-2021 لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننە لە هەولێر کۆبووەوە.
 بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جه‌ختيان له‌ رۆڵ و ئاماده‌يى و پێگه‌ى هه‌ردوو پێكهاته‌ى كورد و سوننه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسيى عێراق کردەوە وه‌ك دوو هاوبه‌شى سه‌ره‌كى له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى شيعه‌ و پێكهاته‌كانى ديكه‌دا‌.
 لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، هه‌روه‌ها جەختیان له‌ گرنگيى هاريكارى و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونانى پێويست له‌ پرۆسه‌ى سياسيدا و دامه‌زراندنى حكومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى لايه‌ن و پێكهاته‌ عيراقييه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و داوكاريى هاووڵاتيان بێت له‌ دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى و ژيانێكى باشتر.
 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و محه‌ممه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانیی ته‌قه‌دووم باسيان له‌ دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تيرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواييه‌ى داعش كرد به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاييى ئه‌منى له‌نێوان سوپاى عيراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك شه‌هيدى له‌ ريزه‌كانى سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتياندا لێكه‌وته‌وه‌.
هەر وەک لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، هه‌ردوولا "جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستی كاراكردنى زياتر و خێراى ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆریستان و تێكشكانديان، هه‌روه‌ها راسته‌ڕێبوونى پرۆسه‌ى سياسى و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسييان له‌ وڵات، به‌ پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا له‌ قه‌ڵه‌م دا."