وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم: لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن

(0) / / اجتماعی / زایەڵە پەروەردە هەولێر هەرێم


Dec 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەکی زانستی و پلە بەندی دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەمرۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2021، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بابەتێکی ناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی 10ی ئامادەیی بووە جێگەی ڕەخنە، وەک دوێنێش لە ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتدا هاتووە کە ئەم بابەتە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ 14ساڵ لەمەوبەر کە لەناو ئەو کتێبەدا هاتووە لەم هەموو ساڵەش کەس ئاماژەی پێنەداوە.
وەزارەتەک باس لەوەش دەکات، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەکی زانستی و پلە بەندی دەکرێت، وەزارەت زیاتر لە 1300 ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە  بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکان دەگرین و کاری جدی بۆدەکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو بابەتانە بەمەبەستی سیاسی و بە ئامانجگرتن لە کاتێکی دیاریکراودا دەوروژێندرین.  وەک چۆن روونکرایەوە کە لێژنە لە ئامادەسازین بۆ پێداچوونەوە بە کتێبی کوردی پۆلی 10ی ئامادەیی بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە گۆرانکارییەوە بخوێندرێت.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەودەستەواژەیە لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و لە پۆلی 10ی ئامادەیی ناخوێندرێت و بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت و فەرمانی وەزاریش بەم بابەتە دەردەچوێنرێت.