هۆشدارییەک لە پارێزگای سلێمانییەوە: لە ماڵەکانتان بمێننەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە لەیلا عومەر سلێمانی بارانی بەخوڕ هەورەبروسکە


Dec 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدات لە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە و داوا لە خەڵکی دەکات بۆ پاراستنی ژیانیان "تا بتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە."  
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەیلا عومەر، لەجیاتی پارێزگاری سلێمانی لە هۆشدارییەکدا دەڵێت، لــەژێر ڕۆشنایی ئاگادارکردنەوە و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی سەبارەت بە پێشبینی ڕوودانــی لافـــاو و حاڵەتی نەخوازراو، "ماوەیەکە لەسەر خەتین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كە ئەوانیش ھەروەک پیشەی ساڵانەی خۆیان لە ڕێگەی چەند تیمێکەوە کە دابەش بوون بەسەر چەند زۆنێکی شاری سلێمانی دا وە بە تایبەت ئەو ناوچەو گەڕەکانەی مەترسی لافاویان لەسەربووە لە ئێستاو لە ڕابردوودا، ھەستاون بە پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنھۆڵەکان و ئامادەکاری پێویستییان کردووە بۆ وەرزی باران."  
دەشڵێت، "لە ئێستادا سەرجەم تیمەکانی فریاگوزاری خێرا لە سەرجەم قایمقامیەتەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ئەرکی خۆیان دان بۆیە ئەوانیش لای خۆیانەوە ئامادەباشی تەواویان کردووە لە ئەگەری دروست بوونی ھەر ڕووداو و لافاوێک کە ببێتە ھۆی زیان گەیاندن بە ھاوڵاتیان".  
"ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێداویستی سوتەمەنیمان دابین کردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی وەک ئامادەکارییەک لە گەیاندنی فریاگوزاری خێرا بۆ ھاوڵاتیان."  
لەیلا عومەر باسی لەوەشکردووە کە "تیمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان (DMCR)لە پارێزگای سلێمانی خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو لەسەر ھێڵن بۆ مەبەستی بە هاناوەچوونی لێقەوماوان. ئەم تیمە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەهاناوەچوون و ستافی ڕاهێنراو تایبەتیان ھەیە. ئوتومبیلی فریاگوزاری خیرای مرۆیی، ئەم ئۆتۆمبیلە تەواوی کەل و پەلی فریاکەوتن و ئاگر کوژینەوە و رزگار کردن بە تەواوی پیداویستەکانیەوە تێدایە ساز و ئامادەن بۆ ھەر حاڵەتێکی لەناکاو، هەروەها بوونی خێمە و زۆپا و ڕاخەر و بەتانی لە گەنجینەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و سەرجەم تیمەکە ئامادەن بۆ هەر ئەرکێک لە بە ھاناوەچوونی ھاوڵاتیان."  
"مــاوەتەوە بڵێین ئێمە وەک حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی بە سەرجەم فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ھەموو ھەوڵ و توانای خۆمانەوە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە لە ئێستادا لە ئەرک و کاری خۆمان دا ئێشکگرین تا ئەوەی بتوانین شارو خەڵکی خۆمان بپارێزین."  
"دەمــانەوێت داوا لە ھاوڵاتیانیش بکەین بەھۆی بوونی ھەورە بروسکەیەکی زۆر وە بۆ پاراستنی ژیانیان تا بتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە."  
"ھەروەھا داوایان لێ دەکەین لە ئەگەری دروست بوونی لافاو ھاوکار و ھەماھەنگی تیمەکانمان بن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت بکەن و ھەموو پێکەوە دەتوانین شارمان بپارێزین بە کەمترین زیان دەربازمان بێت."