نوسەرێک بۆ زایەڵە: میدیا وەک چەکێکی بەهێزە بەدەست داعشەوە
(0) /
نوسەرێک پێی وایە هیچ گروپێک هێندەی گروپی داعش سودی لەمیدیا وەرنەگرتووە .
کاردۆ عوسمان هەورامی نوسەر لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بە خوێندنەوە و تێروانین لە گروپە تیرۆریستیەكانی جیهان، بۆمان ئاشكرا دەبێت كە هیچ گروپێك هێندەی گروپی تیرۆرستی داعش، سودی لە میدیا و دەزگا جۆراوجۆرەكانی ڕاگەیاندن نەبینیوە، لەوەیە هۆكارێكی سەرەكی بەهێز بوونیشی بێت، چونكە بەهۆی ئەو ترس و تۆقاندنەی كە لە دیمەنی شێوازی كوشتنی دیلەكان بڵاوی دەكردەوە، دۆخێكی پڕ لە ترسی لای خەڵكی و تەنانەت هێزەئەمنیەكانیش دروست كرد .
وتیشی، هەر ئەمەش وای كرد لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا لە هەندێك بەرەدا ڕووبەڕووبونەوە ڕوونەدات و پێگەكانی خۆی فراوان بكات، بۆیە دەتوانین بڵێن میدیا هێندەی بەرەی جەنگ و چەك و هاوكاری داعشی كرد لە بەهێزبوون و فراوانب وونیدا. ئەوەی داعش لە ڕاگەیاندنی خۆیدا بڵاوی دەكردەوە، لەوەیە كۆنترۆڵ كردنی قورس بێت، بەتایبەت كە ئێستا چەندین وێستگەی ڕاگەیاندن هەیە و ئاسان نیە دەست بەسەر هەموویاندا بگیرێت .
ئەو نوسەرە ڕونیشیکردەوە، بۆیە ئەمە خۆی كێشەیەكی ئاڵۆزە، بەڵام ئەوەی كێشە گەورەكەیە ئەوەیە میدیاكانی دەرەوەی گروپەكە بە نەزانین بێت یان حەزی زوو بڵاو كردنەوەی هەواڵ بێت، پڕوپاگەندە بۆ هێرشەكانی داعش دەكەن و وەك كەرەستەیەكی هەواڵی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، لەم كاتەشدا میدیاكان دەبنە كەرەستەیەكی باش بۆ پڕوپاگەندە بۆ هێرشەكان، كە زۆرجار زیانی زۆری لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت ئەگەر بێت و ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ئۆپراسیۆنەكان بكرێت.
میدیای ئێستای كوردی لە دۆخێكدایە كە كەس خۆزگەی پێناخوازێت، چونكە پابەندی كەمیان بە یاسا و ڕێساكانی تایبەت بە جەنگ و ڕووبەڕوو بونەوە هەیە، ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكەن، كێبڕكێ كردنە لەسەر زۆرترین ڤیو یان زوو بڵاو كردنەوەی هەواڵ، هەندێكجار بۆ ڕاكێشانی سۆزی بینەرەكانیشیان، دیمەنی ناخهەژێنی كەسوكاری شەهیدەكان بڵاو دەكاتەوە، ئەمە كارە نادروستەكەی میدیای كوردییە، كە گیرۆدەی بووە، گرنگە میدیاكان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و كار لەسەر بابەتە گرنگەكان بكەن، لەبری ئەوەی ڕووماڵێكی سادە بۆ بینەر و پڕ زانیاری و گرنگ بۆ تیرۆرستانی داعش بكەن.
سازدانی - کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: