پەرلەمانتارێک بۆ زایەڵە وەڵام دەداتەوە؛ نهێنی نامەی كونسوڵخانەكانی چوار وڵاتی رۆژئاوا بۆ سەرۆكی هەرێم چی بوو

(0) / / گفتگو / زایلە عومەر گوڵپی نامە پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانی


Dec 20, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی  پەرلەمانی  کوردستان ئاشکرایکرد، پاش بەدواداچوونی‌ ورد، هەتا ئێستا یەکخستنەوە و ڕێکخستنی‌ هێزی‌پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشوونێکی‌ بەخۆیەوە نەبینیوە و سەرەتاییترین هەنگاوی‌ کرداری‌ بۆ نەنراوە، ئەمەش نیگەرانی‌ لای‌ هێزەکانی‌ هاوپەیمانان دروستکردووە، هەربۆیە ئەو نامەیە ئەوەی‌ لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەوە وشیارییەکە بۆ دەسەڵات تا لەسەر ئەو دۆخەی‌بەردەوام نەبێت.
 عومەر گوڵپی  ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان  لە وتووێژی   لەگەڵ پەیامنێری  زایەڵە  ڕایگەیاند، بەپێی‌ یاسا بەرکارەکان، نابێت حزب چەکی‌ هەبێت، نابێت حزب ڕێکخستنی‌ لەناو هێزی‌ پێشمەرگە و هێزەچەکدارەکان هەبێت، هەروەها بەپێی‌ بڕگەی‌ یەکەم و دووەم و سێیەمی‌ ماددەی‌ (٤)ی‌ یاسای‌ چاکسازی‌، ژمارە (٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠) پێویستە هێزەکانی‌ پێشمەرگە یەکبخرێن، هەروەها یەک یەکەی‌ ژمێریان هەبێت و لیستی‌ ناو و ژمارە و داتا و زانیاریی‌ ژمێریاریی‌ و خەرجیان بگەڕێتەوە وەزارەتی‌ پێشمەرگە و ملەکەچی‌ وردبینی‌ و پشکیننی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بێت و خانەنشینانیشیان بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ خانەنشینی‌، بەڵام هەتا ئێستا لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێکی‌ کرداری‌ نەنراوە و وەزارەتی‌ پێشمەرگە شکستی‌ خواردووە لە جێبەجێکردنی‌ ئەم ئەرکە گەورە و گرنگەدا، بەتایبەت لە دۆسیەی‌ هێزەکانی‌ یەکەکانی‌ حەفتا و هەشتا کە بێجگە لە سەرپێچی‌ یاسایی‌ و نیشتیمانی‌ و سەربازی‌، سەدان سەرپێچی‌ دارایی‌ و ژمێریاری‌ بوونی‌ هەیە تا بە وەرگرتنی‌ ئابونەی‌ حزبی‌ دەگات  .
وتیشی،  مانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە لە دەرەوەی‌ سیستم و زاڵی‌ حزب بەسەر هێزی‌ پێشمەرگە، کوردستان لەبەردەم مەترسی‌ گەورەدا دەهێڵێتەوە، هەروەها دەبێتە خاڵێکی‌ لاوازی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بەجۆرێک نەتوانرێت سەنگەری‌ بەرگری‌ لە کوردستان لە ئاست ئەگەری ‌مەترسییەکاندا بێت، مەترسییەکەش ئەوەندە گەورەیە کە ئەگەری‌ بەریەککەوتنیشیان لەناوخۆ هەیە، چونکە هێز ئاگرێکی‌ بێ ئامانە ئەگەر لە بری‌ یاساو دامەزراوە کوڕو نەوەی‌ بەرپرسان بیجوڵێنێت .
ڕونیشیکردەوە،  ئەمەی‌ سەرەوە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی‌ نهێنی‌ نامەکەی‌ سەرکونسوڵی‌ وڵاتانی‌ (ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریکا)یە بۆ سەرۆکی‌ هەرێم، هەروەها مانەوەی‌ زیاتر لە (٨٠٠) ئەفسەر کە زۆرینەیان لەسەر بنەمای‌ پیشەگەریی‌ سەربازی‌ پلەیان پێ نەدراوە و لە دانان و پلەپێدانیان ڕەچاوی‌ توانا و شارەزایی‌ و ئەزموون و یاساکان نەکراوە و ئینتیمای بۆ حزبەکانی دەسەڵات تاکە پێوەر بووە و بوونەتە بار بەسەر هێزەکانی‌ پێشمەرگەوە، بەشێکن لە ڕێگری‌ پێشخستن و یەکخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە یەکێکی‌ تر لە هۆکارەکانە.
باسی لەوەشکرد،  کاتێک چوار وڵاتی‌ بیانی‌، کە هاوکارو پاڵپشتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بوون لە شەڕی‌ دژی‌ داعش، بە فەرمی‌ نامەیەک ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکەن، پێویستە دەسەڵات و سەرۆکایەتیەکانی‌ حکومەت و هەرێم زۆر بەڕوونی‌ لە پەیامەکەیان تێبگەن، ئەگەر لە ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان تێناگەن و لە ژێر فشاری‌ دڵسۆزاندا هیچ گۆڕانکاییەک ناکەن بە ئاراستەی‌ کۆتایهێنان بە چەکی‌ حزبی‌ ودروستکردنی‌ هێزێکی‌ نیشتیمانی‌، با لە داواو فشاری‌ دۆستەکانی‌ هەرێم تێبگەن کە تا ئێستاش پشتیوانی‌ جۆراو جۆر پێشکەش بە هەرێمی‌ کوردستان دەکەن، بە پشتیوانی‌ داراییشەوە بە پارەی‌ کاش  .
 سازدانی -  کامەران کەریم