توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم"ی چینی بەدەستهێنا
/
فرهنگی
/
زایەڵە
توورەج ئەسڵانی
مەنسوور جیهانی
ڕێگای هەورێشم
"توورەج ئەسڵانی" بە فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی خۆی، خەڵاتی "دەرهێنەری نوێخواز" و تەندیسی "ڕێگای هەورێشمی زێڕین"ی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم" لە وڵاتی چین بەدەستهێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی "ڕەز هەڵکەوت ڕەشید" لە هەرێمی کوردستان، لە نوێترین و سێیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم" Silk Road لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی "دەرهێنەری نوێخواز" و هەروەها تەندیسی "ڕێگای هەورێشمی زێڕین" بە "توورج ئەسڵانی" دەرهێنەری ئەم بەرهەمە کوردییە بەخشرا.
"توورج ئەسڵانی" لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم"ی چین گوتی: "سڵاو و سپاس بۆ ئەندامانی بەڕێزی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم"ی وڵاتی چین، بۆ گرینگیدان بە فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان". ناونیشانی ئەم خەڵاتە (دەرهێنەری نوێخواز)؛ وەبیرهێنانەوەی جێگەی باوەڕیی هونەر لە سینەمادایە و هەروەها بۆ من، ئەنگێزەیە بۆ درێژەپێدانی تێڕوانینی دژەباوم دەبێت."
"بێنیشتمان" لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای هەورێشم"، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی "هوانگ جیانشین" Huang Jianxin دەرهێنەری ناوداری چینی و بە نمایشی زیاتر لە 100 بەرهەم لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی "پانۆڕاما"، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی"، بەشی "بازاڕەکانی فیلم" و ... لە ڕۆژانی 8 تا 12ی دیسەمبەری 2021 شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.
لە "بێنیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ "هانی موجتەهیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، ڕەوانشاد هەکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
مەنسوور جیهانی
تێبينيێك بنێرە: